خوێندنی باڵا: زۆربەی كاندیدەكانمان دەرچوون
ھەولێر-KDP.info- لە خوێندنی باڵا، بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە زۆترین ژمارەی كاندیدەكان لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستیی زانكۆی (پلازكی) چیكی بۆ بەدەستھینانی سكۆلەرشیپ، دەرچوون.
٦ی ٨ی ٢٠١٨، لە میانەی پێشوازیكردن لە ستافی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ بەدەستھینانی سكۆلەرشیپی چیكی، ئەنجامی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ سكۆلارشیپی زانكۆی (پالازكی) كۆماری چیك ڕاگەیێندرا، بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە، زۆرترین ژمارەی خوێندكارانی كوردستان لەم تاقیكردنەوەیە دەرچوون.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. یووسف گۆران، ڕایگەیاند: "مایەی شانازییە بۆ ھەرێمەكەمان، كە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە زۆترین ژمارەی كاندیدەكانمان لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی زانكۆی (پلازكی) چیكی بۆ بەدەستھینانی سكۆلەرشیپ، دەرچوون."
سەرۆكی شاندی میوان، د. ئیری ئێرمان، سەرسامیی خۆی پیشان دا بە ئاستی زانستیی خوێندكارانی ھەرێمی كوردستان و گوتی: "خوێندكارەكانتان ئاستی زانستییان زۆر بەرز بووە و نموونەی خوێندكاری لێھاتوون، بۆیە مایەی شانازییە بۆ ھەرێمەكەتان كە خوێندكارەكانتان بەو شێوازە پەروەردە كردووە".
ھەر لە میانەی قسەكانیدا، باسی لە وردەكارییەكانی تاقیكردنەوەكە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە كرد، ھەروەھا بە ناوی ھەردوو زانكۆی پالازكی و زانكۆی ئۆستراڤاوە، دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توژینەوەی زانستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕێكخستنی ئامادەكارییەكان و پشتیوانیكردن و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی پێشكەشكردن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانسی زانستی.
نوێنەری زانكۆی پلازكی، ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر پێشنیازێكی د. یووسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ زیادكردنی ژمارەی سكۆلەرشیپەكان لە (٣٠) كورسییەوە بۆ (٥٠) كورسیی خوێندن بۆ ساڵی داھاتوو.
ھاوكات، تاقیكردنەوەكە لە پرۆسەیەكی شەفاف و بەپێی پێوەرە زانستییەكان لە كەشوھەوایەكی زانستیی لەبار، لەلایەن ژمارەیەك پرۆفیسۆری زانكۆی (پەلازكی)یەوە بەڕێوە بردرا و، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەكەی كرد و، تێیدا ( ٧٤) كاندید كە پێشووتر ناوەكانیان لە قۆناخی یەكەمی پێشبڕكێدا لە پڕۆسەیەكی ورد و زانسیدا لەسەر بنەمای بەرزترین كۆنمرەی قۆناخی پۆلی دوانزەی ئامادەیی (شۆرت لیست كرابوون) و مافی بەشداریكردنیان ھەبوو، تەنھا (٤٧) كاندید لەو ژمارەیە چوونە پرۆسەی پێشبڕكێ و بەشداریی تاقیكردنەوەكەیان كرد، ھەروەك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێچووی تاقیكردنەوەی سەرجەم كاندیدەكانی گرتە ئەستۆ.
لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەدا، (٨) كاندید توانییان لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەربچن و، ئەو سكۆلەرشیپەی چیك بە دەست بھێنن.




