فراكسیۆنی پارتی: پارتی ئامادەیە.. پاساوی لایەنەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، زۆر لاوازە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا نین، پاساوی لایەنەكانیش، بە تایبەتی یەكێتی و گۆڕان، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان زۆر لاوازە.
ڕۆژی هەشتی ئایار، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30ی ئەیلوولی بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و، كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، بەڵام چەند لایەنێكی سیاسی هەوڵی دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە بە پاساوی جیا جیا دەدەن و دەیانەوێت بیخەنە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان .
لەو بارەیەوە و لە ڕاگەیێندراوێكدا، د. محەممەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووه، ڕایگەیاندووە: "پاساوی لایەنەكان، بە تایبەتی یەكێتی و گۆڕان، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان زۆر لاوازە".
لە ڕاگەیێندراوەكەی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە: "پارتە سیاسییەكان چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كە پاساوێك بدۆزنەوە و هەر چۆنێك بێت پارتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان تۆمەتبار بكەن، هەموو رێگایەكیشیان گرتە بەر، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و پارتی وەكو هەر جارێك ئامادەیە و ئەمجارە بە گوڕوتینێكی زیاترەوە خۆی بۆ ئەم پرۆسە دیموكراسییە ئامادە كردووە".
ڕوونیشی كراوەتەوە: "ئێستاش كە ئەو لایەنانە دەبینن كاتەكە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، بە موناسەبە و بێ موناسەبە، سەركردە و سیاسییەكانیان خواستی خۆیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەردەخن و تا ئەو ڕاددەیەیشە كە ماف بە خۆیان بدەن بە ناوی هەموو پارتەكانەوە قسە بكەن، بۆیە بە گرینگی دەزانین كە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنین، ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی كوردستان نین و پاساوەكانی لایەنەكان، بە تایبەتی یەكێتی و گۆڕان، بۆ دواخستنی ئەم پرۆسە دیمۆكراسییە، لای ئێمە زۆر لاوازن.".
نەشوان بەرزنجی




