"حەوت ھەزار بەڵگەنامە لەسەر کارەساتی ئێزدییەکان کۆ کراوەتەوە"
__2018_08_06_h17m25s19__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە چەند لایەکەوە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و چالاکێکی کوردی ئێزدیش دەڵێ، حەوت ھەزار بەڵگەیان لەبەردەستە لەسەر ئەو تاوانانەی داعش و تەنانەت دەقی گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی کچان و ژنانی ئێزدیش گەیشتووەتە دەستیان.
کاوە خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرلە سەرەتای ئەو کارەساتەوە کە لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە بەسەر کوردانی ئێزدی ھێنرا، دەستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە و لە چەند لایەکەوە ھەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و بەدیکۆمێنتکرنی کارەساتەکە دراوە، ئێمە ژمارەیەک کوردی ئێزدی لای خۆمانەوە دەستمان بەو ھەوڵە کردووە و تا ئێستا نزیکەی حەوت ھەزار بەڵگەنامە کۆ کراونەتەوە و ئەرشیڤ کراون، بەڵگەنامەکان ھەمەجۆرن، ھەر لە گرتەی ڤیدیۆییی ڕفاندنی کوردانی ئێزدییەوە ھەتا دەقی ئەو گرێبەستانەی کڕین و فرۆشتن بە کچان و ژنانی ئێزدیەوە دەکرێت تا دەگاتە ئەو جلوبەرگانەی لەبەر ئەو کچانەدایە لە کاتی ڕزگاکردنیان، ئەوە جگە لەو بەڵگانەی لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دیکەوە کۆ کراونەتەوە."
لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شنگال و لە ئەنجامدا زیاتر لە شەش ھەزار کچ و ژنی ئێزدی ڕفێندران، دواتر وەک سەبایە مامەڵەیان پێوە کرا، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی پێک ھێنراوە و تا ئێستا ٣٢٠٠ کچ و ژن ڕزگار کراون و ٣٣٥٠ کچ و ژنی کوردی ئێزدی ھێشتا چارەنووسیان نادیارە، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین دەڵێت: "ئێمە لەوە دڵگرانین دوای دوو ساڵ لە ڕزگارکردنی مووسڵ و بەشێکی زۆری خاکی سووریا ھێشتا چارەنووسی سەدان کچ و ژنی کوردی ئێزدی دیار نییە و بە پێی بەڵگە و زانیارییەکان بەشێکیان لە تورکیان و بەشێکی دیکەیان ڕەوانەی وڵاتانی ئیسلامی کراون، ئەو وڵاتانەی گرووپی توندڕۆیان تێدایە."
کاوە خەتاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لەسەر کارەساتی شنگال ھەم بۆ ئەوەیە ئەرشیڤ بکرێن، ھەمیش بۆ ئەوەیە تا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەلماندنی بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی کوردانی ئێزدی بەکاری بێنین، چونکە ھەموو بەڵگەی بەھێزن و دەرخەری ئەو ڕاستییەن ھیچ نەماوە بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی نەکرابێت لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ھەتا لە ڕۆژنامەکەیان بە ناوی دابق ھەموو ڕاستییەکان بڵاو کراونەتەوە و جیھان شایەتە لەسەر کارەساتی ئێزدییەکان."
قائید میرۆ




