ئەحمەد كانی: ئێمە بڕیاری خۆمان داوە

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان مكوڕە لەسەر بڕیاری خۆی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا، ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتییش دەڵێ، دواخستنی ھەڵبژاردن، خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی و دیموكراتی لە ھەرێمی كوردستان ناكات.
ئەحمەد كانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی دەمێكە دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا كە رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی داهاتووە، دوای دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەیش، پارتیمان لەسەر ئاستی ھەموو ئۆرگانەكان خۆی ئامادە دەكات تا زۆرترین كورسیی پەرلەمان بەدەست بێنین".
لەبارەی ئەو دەنگویانەی باس لە دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، روونی كردەوە: "ئێمە وەك پارتی بڕیاری خۆمان داوە كە لە رۆژی ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ڕژدین لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، چونكە ئێمە پێمان وایە دواخستنی ھەڵبژاردن ھیچ خزمەتێك بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ناكات، بە تایبەتی لە خزمەت پڕۆسەی دیموكراتی و رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستاندا نییە".
ئەحمەد كانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەسەر چووە، پێویستە زیاتر دوا نەخرێت، لەبەر ئەوەی دەبووایە پێشتر ھەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بە ھەر ھۆكارێك بێت گەییشتە ئەوەی كۆمسیۆن و حكوومەت رێككەوتن لە مانگی ئەیلوولدا ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و ئێمەیش ئامادەین بۆ ئەنجامدانی".
قائید میرۆ




