٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمسیۆن: لەبەر دوو ھۆكار ناتوانین ھەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بده‌ین

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان گوتی، لەبەر دوو ھۆكار ناتوانن پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن، ئەوانیش نەبوونی بودجەی پێویست و تۆماری نوێی دەنگدەرانن.

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەرێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە و بەردەوامیشە لە كارەكانی خۆی، بۆ ئەوەی پرۆسەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

د. جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی خۆی و ھەموو ئامادەكاریەكانی پێویستی ئەنجام داوە و بڕیاریشە لە وادەی خۆیدا ھەڵبژاردنەكە بەڕێوە بچێت، چونكە ھیچ پێشنیازێكمان بەدەست نەگەییشتووە بۆ ئەوەی دوا بخرێت".

عادل گوتیشی: "لەبەر دوو ھۆكار ناتوانین پرۆسەی ھەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات بەرێوە ببەین، ئەوانیش نەبوونی بودجەی پێویست و نەبوونی تۆماری نوێی دەنگدەرانن، چونكە ئێمە ھیچ ئامار و داتایەكمان نییە كە ژمارەی كوردانی تاراوگە چەندە و پێشتریش بەپێی راپرسی، ھەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرا و ئەم جارە بەو شێوەیە ناتوانین ئەو كارە بكەین، بۆیە پرۆسەكە لەوێ بەڕێوە ناچێت و ئەوەی بیەوێت دەنگ بدات، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار