"عێراق لە قوڵاییی کێشەکانیدایە"
__2018_08_04_h18m10s29__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- چاودێرانی سیاسی دەڵێن، عێراق لە کۆمەڵێک کێشەدایە و خەڵک خۆپێشاندان دەکەن، خۆنیشاندانیش مافی ئەوانە، چونکە گەندەڵییەکی زۆر لە عێراقدا هەیە و ئەمەش بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی هەندێک لایەن لە دژی چەند لایەنێکی تر فشار دروست بکەن و بووەتە کارتێکیش بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
وادەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق تەواو بووە و تا ئێستا حکوومەت پێک نەهێنراوە. لە چەندین شار و شارۆچکەی عێراق خۆپێشاندان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری بەڕێوە دەچن و ئێستاش لە هەندێک شار بەردەوامە. سامی ئەترووشی، ئەندامی خولی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەندێک لایەن فشار دروست دەکەن بۆ ئەوەی نێوماڵی شیعە دروست بێت و حکوومەت پێک بهێنرێت. خۆپێشاندان بۆ داواکاریی خەڵک بوو، بەڵام ڕێرەوەکە گۆڕدرا بۆ قازانجی هەندێک لایەنی شیعە."
ئەترووشی ئەوەش بیر دەهێنتەوە: "لە کۆنەوە ئەم جۆرە خۆپێشاندانە هەبوون بۆ فشار، سەرەڕای ئەوەی عەبادی هەندێک داهاتی بۆیان خەرج کردووە، بەڵام ڕێرەوەکەیان گۆڕدراوە بۆ قازانجی هەندێک لایەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت."
پارتی و یەکێتی پرۆژەی هاوبەشیان هەیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا و وەک ئەوان دەڵێن دەرگایان کراوەیە بۆ هەر لایەنێکی کورد. زۆر جار سەرەکردەکانی هەردوو لا دەڵێن، بەهێزبوونی کورد لە بەغدا لە یەکڕێزیی کورددایە، دەرەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و ڕۆلێ کورد لەو حکوومەتەدا، ئەترووشی گوتی: "هەر لایەنێک خۆی لە یەکلیستیی کورد بۆ بەغدا لابدات قازانجدار نابێت، سەرەڕای کێشەکانمان لە هەرێم بە هەموو شێوەیەک کورد لە بەغدا بە یەکپاکێجەوە زەروورەتە."
دەشڵێ: "هەمیشە لاوازیی کورد لە پەرتوبڵاویدایە، چونکە لایەنی عێراقی هەوڵی بێهێزکردنی کورد دەدەن و ئەو لایەنە کوردانە دژی لایەنەکانی تری کورد بەکار دەهێنن و دەبێ وەک چۆن لایەنە شیعەکان سەرەڕای هەموو کێشەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت خۆیان دەکەنە یەک، کوردیش بەو شێوەیە بێت، چونکە مامەڵەی زۆرینە لە عێراق دەکرێت."
ڕینجبەر شێخۆ، مامۆستای زانکۆ ئەویش دەڵێ: "عێراق بە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتەوە گوشارێکی زۆری لەسەرە و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق فۆکسێکی جیهانی و هەرێمیشی لەسەرە."
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت حکوومەتێک بە تەوافق و تەوازن و شەراکەت هەبیت، ئەگەرنا وەک دەڵین پشکداری ناکەن.
شێخۆ پسپۆڕی سیاسەت و یاسایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان روونی کردەوە : "حکوومەتی عێراق بە تائیفی و زۆرینە مامەڵە دەکات، دەبێ کورد بۆ ئەم قۆناغە ئامادەباشییەکی باشی هەبێت، چونکە ئێستا نێوماڵی شیعە پەرتوبڵاوە، ئێستا هەموویان هەولێر وەک مەرجەعی بڕیاردان دەبینن."
بە گووتەی ڕێنجبەر، جگە لە ئارەزووی ئەمەریکا و ئێران، ئێستا سعوودیەش لە نێو گەمەی سیاسیی عێراقدایە، چونکە ئێستا ڕەوشی نێوماڵی سوننە و شیعە نزیک یەکن لە ڕووی خراپییەوە و کوردیش مەحاڵە لە نێو حکوومەتێکدا بێت کە ڕۆڵی نەبێت، چونکە کورد مەرجی زۆری هەیە، یەکێک لەوانە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکان و بودجە و مووچەی کوردستانە."
ئەو گوتیشی: "جگە لەمانەش، تا ئێستا ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردن ڕانەگەیەنراوە، دیار نییە چ گۆڕانگارییەکی بەسەردا دێت و پێویستە کورد بە یەکلیستی بچێتەوە بەغدا"
کــاروان بــاعەدری




