٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاسۆ کەریم: ھیچ بەھانەیەک نابینم بۆ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، ھیچ بەھانە و ھۆکارێک نییە بۆ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

 

ئاسۆ کەریم، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە تا ٦ی ئەیلوولی دابێت، واتە دوای ئەو ڕێکەوتە ویلایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، دیارە پێشتریش تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە، پێویستە لە ھەر وڵاتێکدا پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ھیچ بەھانەیەک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە، ھۆیەکی باوەرپێکراو نییە ھەڵبژاردن نەکرێت، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی ئەمنییەوە پاساوێک نییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، ئینجا کێ پێی خۆشە کێ پێی خۆش نییە ھەڵبژاردن بکرێت ئەوا بۆچوونی خۆیانە، چونکە دوای ٦ی ئەیلوول ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشاییی دەستوورییەوە."

 

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یان دەبێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، یانیش ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام خەڵک بۆ چوار ساڵ دەنگی بۆ پەرلەمان و حکوومەت داوە، تەنیا بە ڕێگایەک ھەڵبژاردن دوا دەخرێت ئەویش لەنێو پەرلەماندا پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکرێت و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت، ئینجا دەتوانرێت ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول دوا بخرێت."

 

لەبارەی کاریگەریی ڕەوشی عێراق لەسەر ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان ئاسۆ کەریم دەڵێت: "ڕەوشی ھەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ناشبێت ئەوە بکرێتە بەھانە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ڕەوش ئارامە، ڕاستە سێ مانگە ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوا کەوتووە و پێشبینی دەکرێت تا مانگێکی دیکەش بخایەنێت، بەڵام ئەوە نابێتە ھۆکاری ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت."

 

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار