"حكوومه‌تی هه‌رێم له هه‌وڵی به‌پیشه‌سازیكردنی كه‌رتی نه‌وتدایه"
__2018_08_04_h16m23s56__ER.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- شاره‌زایانی بواری نه‌وت و گاز باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه‌وا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی نه‌وت و گاز به‌پیشه‌سازی بكات، به‌مه‌ش ده‌کرێ داهاتی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو چه‌ندقات زیاد ببێت، ئه‌وكاتیش جگه له داهات ده‌رفه‌تی كاریش بۆ خه‌ڵك زۆر ده‌بێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام گرینگی به كه‌رتی نه‌وت ده‌دات و هه‌وڵ بۆ پێشخستنی ئه‌و كه‌رته ده‌دات و ڕۆژ به ڕۆژیش كه‌رتی نه‌وت له‌پێشكه‌وتندایه و بووەته سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوی زۆر باشیشی له‌و ڕووه‌وه ناوه.
د. بێوار خنسی، شاره‌زای بواری نه‌وت و گاز، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "فرۆشتنی نه‌وت به شێوه‌ی خاو داهات بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یدا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانەوە، به‌تایبه‌ت ڕۆسنه‌فت كه ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵی هه‌یه، كه‌رتی نه‌وت به‌پیشه‌سازی بكرێت، فرۆشتنی 500 هه‌زار به‌رمیل به خاوی داهاتەکەی چه‌ند بێت، ئەگه‌ر بكرێته پیشه‌سازی داهاته‌كه‌ی بۆ ملیۆنێك و500 هه‌زار به‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌رفه‌تی كاریش زیاد ده‌كات و هه‌رێم ده‌بێته ناوه‌ندی پیشه‌سازیی نه‌وت، كه ئه‌مه گرنگیی زۆری هه‌یه، بۆیه ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی بۆ ده‌دات و گرنگه هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه."
خنسی باسی له‌وه‌ش كرد: "داعش بووه ڕێگر، ده‌رنا حكوومه‌تی هه‌رێم پلانی هه‌بوو پێشتر ئه‌و كاره بكات له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی سێ پاڵاوگه‌ی نه‌وتەوە، ئه‌وانیش له گه‌رمیان و دهۆك و هه‌ولێر، كه به‌مه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاسانی ده‌توانێ داهاتی هه‌رێم دابین بكات كه مانگانه پێویستی پێی هه‌یه، بۆیه پێویسته په‌له‌ی لێ بكرێت."
د. ڕزگار مشه‌ختی، شارەزای بواری نه‌وت و گاز بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه كه‌رتی نه‌وت به‌پیشه‌سازی بكرێت، چونكه داهاتێكی یەكجار زۆر بۆ كوردستان په‌یدا ده‌كات و ئه‌گه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به70 دۆلار بفرۆشرێت، پاش پاڵاوتن ڕه‌نگه به نزیكه‌ی 700 دۆلار بفرۆشرێت و جگه له‌وه‌ش، ده‌رفه‌تی كاریش زیاد ده‌كات بۆ خه‌ڵك و ژێرخانی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هێز ده‌كات."
د. ڕزگار ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: "ئه‌گه‌ر نه‌وتی خاو بپاڵێورێت زۆر جۆره سووته‌مه‌نی له‌خۆی ده‌گرێت، وه‌كو سۆیل و به‌نزین و نه‌وتی سپی و گازوایل و چه‌ندین جۆری دیكه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات داهاتێكی زۆر و ده‌رفه‌تێكی زۆری كار بۆ خه‌ڵكی كوردستان په‌یدا بكات، بۆیه گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت ئه‌و كاره بكات زه‌حمه‌ت نییه و پێویسته په‌له‌شی لێ بكات."
بڵند ئیبراهیم




