٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەسوكاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان، دەوروبەریان گرتین و هەرچی دەچوو نەدەهاتەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
سۆران-KDP.info- بەر لە 35 ساڵ و لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983، حکوومەتی بەعس لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا ھەشت ھەزار بارزانی بێسەروشوێن کردن، ئەم مێژووە بە یەکەم پرۆسەی ئەنفالکردنی کورد دادەنرێت، کە بەدوایدا قۆناخەکانی ئەنفال دەستپێكردو نزیکەی 182 هەزار کەسی كورد لە باشووری كوردستان ئەنفال کران، كەسوكاری ئەنفالكراوە بارزانییەكانیش داواكارن داوای یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكەن.
 
بەر لە 35 ساڵ و لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە و دیانا، 8000 بارزانی دەستگیر كران و گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستا رووفاتی 600 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، بەشێكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی رووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەموویشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.
 
ئەنفالكردنی بارزانییەكان بە ڕاگواستن دەستی پێكرد
 
ستار واحید، شایەتحاڵێكی رووداوەكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەنفالكردنی بارزانییەكان بە ڕاگواستن دەستی پێكرد، بارزانییەكان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و دەست كرا بە وێرانكردنی دێهاتەكانیان و سووتاندنی دار و زەوییە چێنراوەكان و تێكدانی ژینگە و تاڵانكردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان، بارزانییەكان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بكەون، لە ساڵانی حەفتاكان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و دواتریش لەساڵی 1980 هێنرانەوە بۆ ئۆردووگا زۆرەملێیەكانی قوشتەپە، دیانا، هەریر و بەحركە، هەروەها لە هەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێ كران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەكەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و كۆكردنەوە و ڕاپێچكردنیان دەستی پێكرد، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 31/7/1983 دەست كرا بە گرتنی پیاو و گەنج و منداڵی بارزانییەكان و پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و ڕەوانەی پارێزگای موسەننا كران". 
 
رەوشەن مووسا، ئافرەتێكی دیكەیە و زیاتر لە 15 كەس لە بنەماڵەكەیان ئەنفال كراون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "بەرەبەیانیی ڕۆژی 31\7 كاتژمێر 4ـی بەیانی هەر ئەوەندەمان دیت سوپای عێراق دەوروبەری كۆمەڵگەكەیان گرت، باوكم چووە دەرەوە و نەهاتەوە، هەرچی دەچوو نەدەهاتەوە، هەرچی ڕەگەزی نێرینە هەبوو لە نێوان 10 بۆ 80 ساڵی، لەگەڵ خۆیان ڕاپێچیان كردن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گوازرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لەوێ ئەنفال كران".
 
ئەنفال بووەتە ناسنامەی كورد
 
خدر سەبری، كە 4 مانگ پاش ئەنفالكردنی باوكی لە دایك بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی دا: "15 كەس لە خزم و كەسوكاری خۆم ئەنفال كراون، من وەكو كوڕە ئەنفالێك شانازی بەوەوە دەكەم كە باوكم له‌پێناو ئازادى كوردستان ئەنفال كراوە كه‌ ئێستا ئەنفال بووەتە ناسنامەی كورد".
 
"تا دەمرین چاكەی هەولێرییەكان لە بیر ناكەین"
 
خەج لوقمان، كە باوك و دوو برا و هاوسەرەكەی ئەنفالن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێ: "پاش گرتنی كەسوكارمان، ژیانمان زۆر ناخۆش بوو، نەماندەزانی چۆن پارووەنانێك بۆ منداڵەكانمان پەیدا بكەین، لەو رۆژە ناخۆشانەدا خەڵكی هەولێر زۆر یارمەتیی ئێمەیان دا و هەلی كاریان بۆ ئێمە دەدۆزییەوە و كاتی كاركردنیشیان بۆ ئێمە كەم دەكردەوە، رۆژانەیەكی زیاتریشیان بە ئێمە دەدا، بۆیە یارمەتیدانی خەڵكی هەولێر ئەو كات وای كرد كە كەسوكاری ئەنفالەكان تا ئێستایش خۆیان بە قەرزداری ئەوان بزانن و تا دەشمرین چاكەی ئەوان لە بیر ناكەین".
 
ئەمڕۆ لەسەر ئاستێكی باڵادا یادی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی دەكرێتەوە
 
ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ 31/7 رۆژی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانییە، بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بە هاوكاریی دامودەزگاكانی دیكە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ كاتژمێر 5ی ئێوارە لەسەر گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان لەسەر ئاستێكی بەرزدا ئەو یادە بەرز رادەگرێت، بانگهێشتنامەیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت نێردراوە، حزب و لایەنەكان و كونسووڵخانەكان میوانداری كراون، بۆیە پێیشبینی دەكرێت میوانێكی زۆر ئامادە بن، هەروەها خەڵكێكی زۆریش لە ناوچەكانی كوردستان  و كەسوكاری ئەنفالكراوان، ئامادەی مەڕاسیمەكە دەبن".
 
ڕەمەزان، گوتیشی: "مەڕاسیمەكە زیاتر دانانی تاجەگوڵینە و هەندێك چالاكیی هونەری و خوێندنەوەی وتار دەبێت، كە لە نێو وتارەكاندا وتاری كەسوكاری ئەنفالكراوان پێشكەش دەكرێت و داواكاری و كێشە و گیروگرفتی خۆیان دەخەنە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، كە داوای یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكەن".
 
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار