٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر ئاستێكی باڵادا یادی كۆمەڵكوژیی ئێزدیان دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
دهۆك-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی "لالش" لە پارێزگای دهۆك، ڕایگەیاند، لەسەر ئاستێكی باڵادا، یادی كۆمەڵكوژیی ئێزدیان لە شنگال، لە پارێزگای دهۆك دەكرێتەوە.
 
لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا، داعش هێرشی كردە سەر شارۆكەی شنگال و كارەساتیان بەسەر ئەو شارەدا هێنا، كە زیاتر لە ٦ هەزار كەسیان ڕفاند و ٣٦٠ هەزار كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان كران و ٧٠ هەزاریشیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، هەروەها زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ كەسیش كوژران و هەموو مەزارگە و شوێنە ئایینییەكانیش لە ناوبردران و زیاتر لە ٦٠ گۆڕی بەكۆمەڵیش تا ئێستا دۆزراونەتەوە.
 
جەعفەر سمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بنكەی لالش بە هاوئاهەنگیی پارێزگای دهۆك، یادی كۆمەڵكوژیی ئێزدیان لە شنگال، لە پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستێكی باڵادا دەكاتەوە".
 
لە ڕووی جوگرافیاوە ئێزدییەكان لەگەڵ پارچەبوونی كوردستانی گەورەدا، ئەوانیش پارچەبوون و زۆرترینیان لە عێراقن و ٩٠% دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شێخان و شنگال و ١٠% دەكەونە هەرێمی كوردستان و لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، ئەوانیش لە باعەدرێ و شاریا و خانكێ و ناوچەی هەوێریان، میرگەی ئێزدییانیش لە باعەدرێ، شوێنی میری ئێزدیانە.
 
بە گوتەی ئێزدیان خۆیان، لە مێژوودا ٧٤ جار كۆمەڵكوژ كراون و لە چەندین وڵاتدا بوونیان هەبووە، بەڵام بە هۆی ئەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدانەوە كە بەسەریان هاتووە، كۆچیان كردووە و ئێستاش زۆربەیان لە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران نیشتەجێن، هەروەها زیاتر لە ٢٠ هەزاریش لە جۆرجیان و بە هەزارانیش لە ئەرمینیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوید بوونیان هەیە.
 
جەعفەر سمۆ دەشڵێ: "لە یادی كۆمەڵكوژیی ئێزیاندا، چەندین دۆكیومێنت و شتی تایبەتی ئێزدیان دەخرێنە ڕوو و، هیواخوازین لە ساڵی داهاتوودا ئەم كەیسە بە فەرمی و لەسەر ئاستی جیهاندا بە جینۆساید بناسرێت".
 
كــاروان بــاعەدری
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار