٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئیدریس هادی: تا سەرژمێریی عێراق نەكرێت دەستكاریی %١٧ی بودجەی كوردستان ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- د. ئیدریس هادی دەڵێ، حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە وەڵامی داواكاریی خۆپێشاندەران بداتەوە, بۆیە چاوەڕوان ناكرێت بەو ڕێكارانەی عەبادی دەیكات دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

 

لە كاردانەوەیەكدا "حەیدەر عەبادی", دەسەڵاتەكانی وەزیری كارەبای عێراقی هەڵپەسارد. هاوكات هەریەكە لە بەڕێوەبەری ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لە توركیا و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق لە كارەكانیان دوور خرانەوە, ئەوەش بە ئامانجی دامركانەوەی خۆپێشاندەران و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان, بەڵام تا ئێستا خۆپێشاندەران سوورن لەسەر ئەوەی كە دەبێ داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت, داواكارییەكانیشیان لە داواكاریی خزمەتگوزارییەوە گۆڕدراوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، چونكە خۆپێشاندەران پێیان وایە كە بەم سیستەمەوە عێراق ناتوانێت سەركەوتوو بێت. د. ئیدریس هادی, وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شرۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەو دۆخەوە حكوومەتی عێراق ناتوانێت وەڵامی داواكاریی خۆپێشاندەران بداتەوە, لەوە دەچێت لە هەندێك شوێن ئیجرائات بكات، بەڵام ناتوانێت گۆڕانكاریی گەورە لە داواكاریی خۆپێشاندەراندا بهێنێتە دی, چونكە لە بنەڕەتدا دەبوو پێكهێنانی كابینەی حكوومەت لەسەر چەند بنەمایەك بوایە كە دواجار سەرجەم ئەو گرفتانەی چارەسەر بكردبایە، چونكە ئەوەی ئێستا خۆپێشاندەران داوای دەكەن پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژی گەورە هەیە، دەبوو لە كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا وەك بەرنامەی كار ئاماژەی پێ كرابایە و كاری جیددی لەسەر بكرابایە, ئێستاش ئەوەی كەڵەكە بووە دەرئەنجامی ئەو بێبەرنامەییە بووە لە كاری حكوومەتدا".

 

گوتیشی: "تۆ لە ماوەی چوار ساڵدا هیچت نەكردبێت، هەنگاوی گەورەت نەنابێت، بەم ئاخیر و ئۆخرییەی كابینەی حكوومەت هیچ ناكرێت, ئەم ڕێكارانە وەڵامی داواكاریی خۆپێشاندەران ناداتەوە. بۆ نموونە، ئێستا دەستەڵاتی وەزیری كارەبای هەڵپەساردووە، لە كاتێكدا چەندە وەزیر كەمتەرخەمە و بەرپرسیاریەتیی دۆخەكەی لەسەر شانە، ئەوەندەش سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرپرسیارە".

 

د. ئیدریس هادی ئەوەیشی خستە ڕوو: "دەبێ هەرچی زووە كابینەی تازەی حكوومەت پێك بهێنرێت، دەنا ئاستەمە بەم دۆخەوە كابینەی ڕزگاری نیشتمانیش چارەسەری دۆخەكە بكات, چونكە گرفتەكان زۆر لەوە گەورەترن بیریان لێ دەكرێتەوە, بۆ نموونە لە چەندین پارێزگای عێراق ئاوی خواردنەوە نییە، كارەبا نییە، خزمەتگوزاریی سەرەتایی نییە، ئەمانە كاری یەك ڕۆژ و دوو ڕۆژ نین، ئەگەر بەرنامەی تۆكمە بۆ كارەكان دانەنرێت ئاستەمە داواكاریی خۆپێشاندەران دابمركێتەوە و بگرە زیاتریش دەبێت."

 

ئەو وەزیرەی پیشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی وایە كە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە ئەدای كاری حكوومەت و لە بەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵاتدا شكستخواردوو بووە.

 

لەبارەی بودجەی كوردستانیشەوە ئیدریس هادی ئاماژەی بەوە دا كە بودجەی كوردستان بە پێی دەستووری عێراق %١٧ـە و تا سەرژمێریی تەواوی عێراق نەكرێت كەس بۆی نییە دەستكاریی ئەو ڕێژەیە بكات هەر دەستكارییەكیش لە دەرەوەی دەستوورە.

 

ڕاژیار هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار