٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژكاری سەرۆككۆمار: كورد مەرجی هه‌یه‌.. كێشەكان بە پینە و پەڕۆ چارەسه‌ر ناكرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق دەڵێ، حكوومەتی ئێستای عێراق ناتوانێ ئەو دۆخەی ئەو وڵاتە تێی كەوتووە چارە بكات و، پێویستە حكوومەتی نوێیش بە بەرنامەیەكی نوێوە دروست بكرێت و دۆخەكە چارە بكات، چونكە چارەكردنی كێشەكان بە پینە و پەڕۆ ناكرێت. دەشڵێ، كورد ئەم جارە بە مەرج بەشداری لە حكوومەتی نوێدا دەكات.

تا دێت خۆپێشاندانەكانی عێراق فراوانتر دەبن و رۆژ بە رۆژیش داواكاریی زیاتر دەخەنە بەردەم حكوومەتی عێراق، حكوومەتیش تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە وەك پێویست داواكاریی خۆپێشاندەران جێبەجێ بكات، وەك راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراقیش دەڵێ، حكوومەتی ئێستا ناتوانێ دۆخەكە چارە بكات و داوا لەكۆمسیۆن كراوە پەلە بكات لە راگەیاندنی ئەنجامەكان، بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ دروست بێت و تاوەكو حكوومەتی نوێیش دروست نەبێت، دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

فەرھاد عەلائەددین، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم دۆخەی ئێستای عێراق بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تاوەكو ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دەردەچێت و لایەنە سیاسیەكان پێی رازی بن و پەرلەمان كۆ ببێتەوە و حكوومەتی نوێ دروست بكرێت، چونكە ماوەیەك پێش ئێستا لە سەرۆكایەتیی كۆمار كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا و لەوێش داوا كرا كۆمسیۆن پەلە بكات لە راگەیاندنی ئەنجامەكان".

عەلائەددین گوتیشی: "كێشەكان بە حكوومەتی ئێستا چارە نابن و پێویستە حكوومەتی نوێ دروست بكرێت، حكوومەتەكەیش بەپێی دۆخی ئێستا بەرنامەیەك بۆ كاركردنی خۆی دابنێت بۆ ئەوەی جێبەجێی بكات و خزمەتگوزاری و ئەمنییەت دابین بكات و داواكاریی خۆپێشاندەرانیش جێبەجێ بكات، چونكە حكوومەتی ئێستا ناتوانێ ھەموو كارێك بكات و پەرلەمان بوونی نییە، بۆیە حكوومەت بە بێ پەرلەمان كارەكانی تەواو نابێت".

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆككۆمار، باسی لەوەش كرد: "راستە ئێستا رەنگە حكوومەت لەبارەی داواكاریی خۆپێشاندەرانەوە ھەندێك شت بكات، بەڵام ناتوانێ وەك حكوومەتێكی تازە بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە خزمەتگوزاری دابین بكات و بە پەرلەمانێكی تازەوە ھەموو كارێك بكات، هەروەها ناشتوانێ پاڵپشتیی حكوومەت بكات و یاسای بۆ دەربكات، بۆیە بە پینە و پەڕۆ كێشەكان چارە ناكرێن".

بە گوتەی فەرهاد عەلائەددین، كورد بڕیاری داوە بەشداری لە حكوومەتی نوێدا بكات، بەڵام مەرجی ھەیە، ئەویش ئەوەیە كە بزانێت بەرنامەی حكوومەت چییە و، كوردیش خۆی دەستی ھەبێت لە داڕشتنی بەرنامەكەیدا، ئەوەی تا ئێستایش كراوە، گفتوگۆی لاوەكی بووە و جیددی نەبووە.

دەشڵێ، گرینگە ئەو شاندەی بە نوێنەرایەتیی كورد دێتە بەغدا، پێداگری لەسەر ئەوە بكات كە، داواكارییەكانی كورد بخرێنە ناو بەرنامەی حكوومەتی داھاتووی عێراقەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار