٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: پڕۆژەكانمان بەرەو تەواوبوون دەچن.. حەشد پڕۆژەیەكی تاڵان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ڕایگەیاند، پڕۆژەكانی وەزارەت لە بواری نیشتەجێبووندا خەریكە بەرەو تەواوبوون دەچن و دەڵێ، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان پڕۆژەیەكی وەزارەتیان لە شارۆچكەی مەخموور داگیر و تاڵان كردووە.

سامی قادر، بەڕێوەبەری بەدواداچوونی پڕۆژەكان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی ئاوەداكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەر لە قەیرانی دارایی ژمارەیەك پڕۆژەی نیشتەجێبوونی جێبەجێ دەكرد بۆ خەڵكی كەمدەرامەت، بەڵام بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە كاركردن تێیاندا راگیرابوون، لە ئێستایشدا بەشێك لەو پڕۆژانە لە ھەولێر و دھۆك و سلێمانی تەنیا قۆناغی خزمەتگوزارییان ماوە و دوای تەواوكردن دابەش دەكرێن".

بەرپرسەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، روونیشی كردەوە: "بە ھۆی داگیركردنی مەخموور و نەمانی دەستەڵاتی كورد لەو شارە، لە ئێستادا وەزارەت ناتوانێت پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شارۆچكەی مەخموور تەواو بكات، تەنیا ئەو خانووانەی لە شارەدێی گوێڕن و بە ھۆی ئەوەی لە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدان، كار بۆ تەواوكردنیان دەكرێت".

قادر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەو پڕۆژانەی نیشتەجێبووندا، پڕۆژەیەك لە سەنتەری شارۆچكەی مەخموور و پڕۆژەیەك لە شارەدێی گوێڕ ھەبوون، بەڵام كاتی ھێرشی داعش بۆ سەر مەخموور، كاركردن تێیاندا راگیرا، دوای كشانەوەیپێشمەرگەیش لە مەخموور، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر پڕۆژەكەی وەزارەتدا گرتووە و تاڵانیش كراون لەلایەن ئەو ھێزانەوە، كە ژمارەیان ١٠٨ یەكەی نیشتەجێبوونە و زیانی گەورەیان پێ گەیاندووە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار