جەژنی چلەی هاوین لە لالش بەڕێوە دەچێت

دهۆک -KDP.info- ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان دەڵێت، ئێزدییەکان لە دوای ئەو گەورەکارەساتەی بەسەریان هاتووە هیچ جەژنێکیان نەگێڕاوە، تەنیا ڕێوڕسمە ئایینییەکانیان بەڕێوە دەچن.
فارس کتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێزدییەکان هیچ جەژنێکیان نەگێڕاوە، بەڵام ئێزدییان زیاتر گرنگی بە ئایینەکەیان دەدەن و هیچ شتێک نەیتوانیوە ئێزدییان لە ئایینەکەیان و خاکەکەیان دوور بکات."
فارس کتی گوتیشی: "ئێزدییان لە هەموو دنیاوە سەردانی لالش دەکەن بۆ گێڕانی ڕێوڕسمە ئایینییەکان، جگە لە ئێزدییەکانیش هەموو ئایین و ئایینزاکانی هەرێم لە کوردستانەوە پشکداری ڕێوڕسمە ئایینییەکانی ئێزدییان دەبن بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئایینی."
__2018_07_28_h17m51s27__ER.jpg)
هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و ئاشتی ناسراوە. لە دنیای دەرەوەش گرنگی بەم پێکەوەژیانی ئایینییە دەدرێت و هەمیشە بووەتە مەڵبەندی لەخۆگرتنی تەواوی ئایینەکان و ئێستاش بە دەیان هەزار کەس لە پێکهاتەکان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانیان.
جگە لەمەش، بابە چاویش، پیاوی گەورەی ئایینی ئێزدییان لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لە ٣٠-٣١ی مانگدا، واتە چەند ڕۆژێکی تر ئێزدییان لە هەموو دنیاوە دێنە هەرێمی کوردستان و سەدانی پەرستگای لالش دەکەن بۆ جەژنی چلەی هاوینی ئێزدییان."
بابە چاویش دەشڵێت: "لەم جەژنەی ئێزدییاندا هەندێک کەسانی ئایینیی ئێزدیی بەڕۆژوو دەبن و دواتریش دەکرێتە جەژن و بەڵام جەژن ناگیرێت، تەنیا ڕێوڕەسمی ئایینی دەگرن و ئەویش ''سەما'' دەکەن و میوزیکی تایبەت بە ئایینی ئێزدییان دەژەنن."

پەیوەست بەمەش، کۆڤان خانکی، ئێزدیناس و مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەموو جەژنی ئێزدییان بە سروشتەوە بەستراون و ئێزدییان کۆنترین ئایینن و جەژنەکانیش هەموو بە سروشتەوە گرێدراون، ئێزدییانیش بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری بۆنە ئایینییەکەیان دەبن لە پەرستگای لالش."
پەرستگای لالش، گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگای ئایینیی ئێزدییانە و دەکەوێتە باکووری قەزای شێخان لە نێو سێ چیادایە و بە سروشتێکی جوان خەمڵێندراوە.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ـەشەوە چەند ڕۆژێک ماوە یادی ٤ ساڵەی کۆمەڵکوژییەکەی کارەساتی شنگال بکڕێتەوە. لەو ڕۆژەدا داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و کۆمەڵکوژییان بەسەر ئەو شارەدا هێنا. زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و ٣٦٠ هەزار ئاوارەی هەرێمی کوردستان کران و ٧٠ هەزاریشیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات کران و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسیش کوژران و هەموو مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانیش لەنێو بران و زیاتر لە ٦٠ گۆڕی بەکۆمەڵیش تا ئێستا دۆزرانەتەوە.
لە ڕووی جوگرافیاوە، ئێزدییانیش لەگەڵ پارچەبوونی کوردستانی گەورە پارچە بوون و زۆرترینیان لە عێراقن و ٩٠%یان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شێخان و شنگال و ١٠%یان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە و لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن. ئەوانیش لە باعەدرێ و شاریا و خانکێ و ناوچەی هەوێریان، و میرگەی ئێزدییان باعەدرێیە و شوێنی میری ئێزدییانە."
ئێزدییان بە وڵاتانی دنیادا دابەش بوونە. بە گوتەی ئێزدییان لە مێژوودا ٧٤ جار کۆمەڵکوژییان بەسەر هاتووە و لە چەندین وڵاتدا هەبوونە، بەڵام بە هۆی ئەو کۆمەڵکووژی و جینۆسایدانەی بەسەر ئێزدییان هاتووە، کۆچیان کردووە و زۆربەیان لە یەکیەتیی سۆڤییەتی جاران نیشتەجێ بوون و ئێستاش زۆربەیان لە ڕووسیا لە پایتەختی مۆسکۆ نیشتەجێن و زیاتر لە ٢٠ هەزاریش لە جۆرجیا نیشتەجێن و بە بە هەزانیش لە ئەرمینیا و ئەڵمانیا و هۆلەندا و سوێدن.
ئێزدییان چەندین جەژنیان هەیە و جەژنی سەرەکی و پیرۆزترین جەژنیان، جەژنی "چوارشەممەی سوورە''، کە بە بڕوای ئێزدییان ئەو جەژنە بۆ دروستبوونی دنیا دەگەڕێتەوە."
کـــاروان بـــاعەدری




