٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: مینبەری مزگەوتەكانمان ھەمیشە پاڵپشتی كوردستان بوون.. دەبێ رێگە لە بیری توندڕۆیی بگرین

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستاندا ڕایگەیاند، نابێت تیرۆر بە ئایینی ئیسلامەوە بلكێندرێ، ھەروەھا ئەوەی لە ھەولێر رووی دا، كردەوەیەكی تیرۆریستی بوو، زانایانی كوردستانیش ھەمیشە پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنگرەی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: "یەكێتیی زانایانی كوردستان ھەمیشە پشتیوانی گەلی كورد و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوونە، رۆڵی یەكێتی زانایانیش گرینگە".

نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: "بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە تیرۆر ئەنجام دەدرێت، نابێت تیرۆر بە ئایینی ئیسلامەوە بلكێندرێ، ھەروەھا ھەمیشە ھەرێمی كوردستان تەبایی لە نێوان پێكھاتەكاندا پاراستووە، چونكە داھاتووی كوردستان پەیوەستە بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە جیاوازەكانەوە".

سەبارەت بە رووداوەكەی دوێنێی پارێزگای ھەولێر، نێچیرڤان بارزانی ئیدانەی ئەو رووداوەی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دوێنێ ھەولێر رووبەرووی كردەوەیەكی تیرۆریستی بووەوە، دەبێ ئێمە رێگە لە بیری توندڕۆیی بگرین، چونكە پێشمەرگە گیانی سەرجەم نەتەوەكانی كوردستانی لە بەرانبەر تیرۆرستان، پاراستووە".

نێچیرڤان بارزانی، راشیگەیاند: "مزگەوتەكانی كوردستان ھەمیشە رۆڵی گەورەیان لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆییدا ھەبووە، چونكە مینبەری مزگەوتەكانی كوردستان ھەمیشە پاڵپشتی كوردستان بوون، دەبێ لە رووی فكرییەوە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، بۆ ئەوەی گیانی ھەموو لایەك بپارێزین".

 

ھەڵكەوت محەممەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار