هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی ژاپۆن كۆ بوونەوە
ھەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕو سێشەممە 24/7/2018، لە بارەگای مەكتەب پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان، كاتسومی موریاس كرد.
سەرەتا، سیوەیلی بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە گەل و حكوومەتی ژاپۆن كرد بۆ قوربانیانی لافاوەكانی ئەم دواییە كە چەندین پارێزگای ژاپۆنی گرتەوە و بووە هۆكاری گیانلەدەستدانی دەیان كەس و برینداربوونی سەدانی دیكە و، ئومێدی چاكبونەوەی بۆ بریندارەكانی خواست.
لە بەرانبەردا، كۆنسووڵی گشتی سوپاسی سیوەیلی و پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەو سەرەخۆشی و هاوسۆزییە، دواتر باسی ئەو هەنگاوە نوێیانەی كرد كە حكوومەتی ژاپۆن پلانی گرتنەبەری هەیە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانییەكان لە هەر جۆرە كارەساتێكی كەشوهەوایی و سرووشتیی هاوشێوە لە ئاییندەدا.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی هاوكاری و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان. پاشان سیوەیلی بە وردی باسی لە بارودۆخی ئیستای عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ موریاس كرد و، دووپاتی پەرۆشیی پارتیی كردەوە بۆ یەكدەنگی و چاكسازی لە حكوومەت و باشتركردنی گوزەرانی دانیشتووان و پێشكەشكردنی خزكەتگوزاری بە هاووڵاتیان.
سیوەیلی و موریاس، باسیان لە بارودۆخی گشتی و هەوڵەكان بۆ لێكنزیكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان و ژاپۆن كرد و، ئەو پڕۆژانەیش كە وڵاتی ژاپۆن لە كوردستان ئەنجامیان دەدات، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. هۆشیار سیوەیلی ئامادەیی پارتی و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەربڕی بۆ هەر پشتگیرییەكی پێویست بۆ كارئاسانی و ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكانیان لە كوردستان.
لە كۆتاییدا كۆنسووڵی ژاپۆن سوپاسی سیوەیلیی كرد بۆ ئەم دەرفەتە و پشتگیریی بەردەوامی بەڕێزیان و هیوای بەردەوامبوونی دیدار و هەماهەنگیی نێوانیانی خواست.




