٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دارا جەلیل خەیات: بازرگانانی سعوودیا دەیانەوێت وەبەرھێنان لە كوردستان بكەن

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر- KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی ژووری بازرگانیی ھەرێم گوتی، ھاتنی شاندی بازرگانانی سعوودیا بۆ ھەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستاندا بكەن، بێگومان بۆیەشە كوردستانیان ھەڵبژاردووە، چونكە دەزانن شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە.

 دوێنێ شاندێكی بازرگانانی سعوودیا كە ٣٥ بازرگان و وەبەرھێنەر بوون، لەگەڵ باڵیۆزی سعوودیا لە عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كرد، كە ئەمەیش یەكەم سەردانی ئەوانە بۆ ھەرێمی كوردستان و بڕیاریشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێم و سعوودیا، ئەمڕۆ دیدارێك لە ھەولێر ساز بكەن.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتیی ژووری بازرگانیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ شاندی بازرگانانی سعوودیا سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كرد، كە بۆ یەكەم جارە، بڕیارە ئەمڕۆ دیدارێك لە نێوان بازرگانانی سعوودیا و ژووری یەكێتیی بازرگانانی ھەرێم ساز بكرێت، كە بە ئامادەبوونی خاوەنكار و بازرگاكانان و بەرپرسانی حكوومەت لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پلاندانان ودارایی دەبێت، ئەمەیش بۆ پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ھەرێم و سعوودیایە".

لەبارەی گرینگیی سەردانی ئەو شاندە بازرگانیەی سعوودیا، ئەو گوتی: "مەبەست لە ھاتنی ئەو شاندە، بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرھێنانە لە ھەرێمی كوردستان، جگە لەوەیش ئەمە دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ ئەوەی بازرگانە سعوودیاییەكان بێنە ھەرێمی كوردستان وەبەرھێنان بكەن و ئێمەیش كۆمەڵێك پڕۆژەیان دەخەینە بەردەم بۆ ئەوەی جێبەجێیان بكەن".

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بازرگانە سعوودیاییەكان بێن وەبەرھێنانی لێ بكەن، خەیات گوتی: "دەرگای بازرگانیی ھەموو وڵاتان ھەمیشە واڵایە و ھاتنی بازرگانانی سعوودیایش بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ھەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە، بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن وەبەرھێنانی تێدا بكەن و ئێمەیش پێشوازییان لێ دەكەین و رێزیان دەگرین و ھەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار