ههڵهبجه.. دادگاییكردنی تۆمهتباران بۆ ٢٧/١١ دوا خرا

ھەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەی شەھید گوتی، ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا و كەسایەتیانە بەڕێوە چوو، كە كاتی خۆی چەكی كیمیاییان داوە بە رژێمی بەعس، بەڵام بە ھۆی نەگەییشتنی داوەتنامە بە تۆمەتباران، دانیشتنەكە بۆ كۆتایی مانگی ١١ دوا خرا.
دەستەی دادوەرانی ھەرێم و كۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەی شەھید، بە ھاوكاریی دەستەی دادوەرانی نێودەوڵەتی، سكاڵایان لەسەر ٢٥ كۆمپانیا و كەسایەتیی وڵاتان تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی دادگایی بكرێن بە تۆمەتی پێدانی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعسی ڕووخاو كە دژی ھەڵەبجە بە كاری ھێناوە.
لوقمان عەبدولقادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی پێدانی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعس لە شاری ھەڵەبجە بەڕێوە چوو، كە ژمارەیان ٢٥ كۆمپانیا و كەسایەتییە، ئەمەیش لە ڕووی مەعنەوییەوە كاریگەریی زۆری ھەیە و خۆشحاڵین دادگا ھەر بڕیارێك لەو بارەیەوە بدات، چونكە ئەمە زۆر باشە بۆ كەیسی بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی ھەڵەبجە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەو كارەساتە دووبارە نەبێتەوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەی شەھید، گوتیشی: "دەمانەوێت قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان بكرێتەوە و چارەسەری بەركەوتووانیش لە ئەستۆی تۆمەباران بێت، چونكە ئەوان ھۆكاری ئەوە بوونە ئەو كارەساتە ڕوو بدات".
عەبدولقادر دەشڵێ، بە ھۆی ئەوەی داوەتنامە نەگەییشتووەتە تۆمەباران، بۆیە دانیشتنەكە بۆ ٢٧/١١ی ئەمساڵ دوا خرا.
بڵند ئیبراھیم




