كۆنسووڵی هەنگاریا و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی كۆ بوونەوە
هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتى كوردستان، پێشوازی لە پیتهر چولاك كۆنسووڵی نوێی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.
سیوەیلی، بە ناوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتییەوە بەخێرهاتی پیتهر چولاك كرد و، سوپاسی حكوومەت و گەلی هەنگاریای كرد كە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە كاتی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش كە ببوونە هەڕەشە لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، هۆشیار سیوەیلی باسی دواپێشهاتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان كرد و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق هەر كاتێك داوای مافە ڕەواكانی كردبێت، بە هێز سەركوت كراوە و ڕووبەڕووی جینۆساید و خاپووركردنەوە بووەتەوە، ئەمەش تایبەت نەبووە بە حكوومەتێك و ڕژێمێكەوە، بەڵكوو ئەعقڵییەتێكی نەگۆڕی دەستەڵاتدارانی بەغداد بووە. دوایین كاری حكوومەتی عێراقیش بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان ئەوە بوو، بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی و لە كاتی شەڕی داعشدا هیچ هاوكارییەكی سەربازی و دارایی هەرێمی كوردستانیان نەكرد، لە كاتێكدا كە حكوومەت و گەلی كوردستان ڕووبەڕووی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی بوونەوە و باوەشی میهرەبانیان بۆ زیاتر لە دوو ملیوێن ئاوارە كردەوە. كاتێك حكوومەتی عێراق بە كردەوە جیاكاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراقدا كرد و دەستووری عێراقی پێشێل كرد، كە بە ڕوونی ئاماژەی پێ دراوە كە یەكپارچەیی و سەروەریی عێراق، بەندە بە جێبەجێكردنی ددەستورەوە، لە ئەنجامی ئەو پێشێلكاری و مامەڵە نایەكسانییە، سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان ناچار بوو داوا لە خەڵكی كوردستان بكات بە پێی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، گشتپرسی ئەنجام بدات.
وەك سیوەیلی گوتی، ئەنجامدانی گشتپرسی تاوان نەبوو و تاوان نییە، جا هەر گەلێك ئەنجامی بدات بۆ دیاریكردنی چارەنووسی، گەلی كوردستان خاوەنی كولتوور و مێژوو و خاك و جوگرافیایەكی جیاوازە لە عێراقی عەرەبی و، ئەو مافەشی هەیە و خەباتی بۆ كردووە كە خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆی بێت، بەڵام بەداخەوە لە پاش گشتپرسی، حكوومەتی عیراق بە هاوكاریی وڵاتانی دیكە و پشتبەستن بە بێدەنگیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هێرشێكی ناڕەوا و نادەستووریی كردە سەر كوردستان و لە ئەنجامدا دەیان هەزار ماڵباتی كورد ئاوارە بوون و ماڵ و ژیانیان تێك درا، ئەمەش بۆ ئێمەی سەلماند كە عێراق بە عەقڵییەتی هێز بەڕێوە دەچێت.
لە میانەی ئەو گفتوگۆیانەدا، سیوەیلی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەمەڕ ئەو پێشهاتانە ڕوون كردەوە، كە پارتی یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردستانی زور بەلاوە گرینگە و كاری بۆ كردووە و بەردەوام دەبێت لە سەری، ئەمەش وای كرد كە داوای یەكلیستی و پاشان یەكدەنگی بكات لە بەغدا بە مەبەستی بەهێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا. ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە كە لە بەغدا بەشداریی حكوومەتی فیدراڵ بكەین و هەموو هەوڵێكیشمان بۆ چەسپاندنی مافی خەڵكی كوردستانە، بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش دەبێت كۆدەنگ بین و لە عێراقدا هاوسەنگی، شەراكەتی راستەقینە و ڕێككەوتن و ڕێز گرتن لە بڕیارەكاندا هەبێت و نابێت بە عەقڵییەتی كەمینە و زۆرینە، حكوومەت پێك بهێندرێت و كار و بەرنامەی حكوومەت بەو لۆژیكە بەڕێوە بچێت.
لەلایەن خۆیەوە، پیتهر چولاك سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و ڕێزی كۆنسووڵی پێشووی گەیاند، دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی هەنگاریا بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانی بۆ گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان. گوتیشی: "ئێمە خاوەن چەندین بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە كە پێویستە پەرەیان پێ بدرێت، لە هەمان كاتدا خاوەنی دوژمنێكی هاوبەشین كە هەڕەشەیە لەسەر ئارامیی ناوچەكە و ئەورووپا و هەنگاریاش، بۆیە گرینگە هەموان پێكەوە كار بكەین بۆ پاراستنی ئاساییش و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە".




