٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"باشترین چارە بۆ عێراق دروستبوونی هەرێمی دیکەی فیدراڵین"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- شرۆڤەكاری سیاسی، عەبدولسەلام بەرواری، ئاماژە بۆ كێشەكانی ئێستای باشووری عێراق دەكات و باوەڕی وایە، ھاووڵاتیانی عێراق بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ھەر ئەوەندە دەیانتوانی بەرگە بگرن و دەڵێ، تەنیا ڕێگەچارە، جێبەجێكردنی سیستەمی فیدراڵی و دروستكردنی ھەرێمی فیدڕاڵییە بۆ سوننە و شیعە.

 

بەرواری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەكانی باشووری عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق نەیانتوانی خزمەتگوزاری پێشكەش بە ھاووڵاتیانی عێراق بكەن، چونكە شارێكی وەك بەسڕا و كەركووك سەرچاوەی داھاتی ھەموو عێراقن، كەچی خەڵك ئاویان بۆ خواردنەوە دەست ناكەوێت، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی دەستوورە وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی، خۆ ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرایە لە لایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە، ھاووڵاتیان خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەكرا و ئەمڕۆ نەدەگەیشتە ئەوەی بە سەدان ھەزار ھاووڵاتی بۆ ئاو و كارەبا بڕژێنە سەر شەقامەكان".

 

 

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە پێی وایە، ڕەوشی عێراق ھەر بەرگەی ئەوەندەی دەگرت و دەڵێت: "راست نییە كە دەڵێن دەستی دەرەكی لە پشتی خۆپێشاندانەكانە، چونكە باوەڕم وایە حكوومەت بیتوانیبایە ئاو و كارەبا و نانی بۆ خەڵكی دابین بكردایە، كەس نەدەھاتە سەر شەقام خۆپێشاندان بكات، من ناڵێم ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ چاوەڕاونكراو بوو کە ڕەوشی عێراق ئاڵۆزی بە خۆیەوە ببینێ، بەڵام كاسەكە پڕ بوو لە سەرییەوە ڕژا، تەحەمولی ھاووڵاتیانیش تا ئێرە بوو".

 

عەبدولسەلام بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تەنیا ڕێگەچارە بۆ كێشەكانی ئێستای عێراق، جێبەجێكردنی سیستمی فیدڕاڵییە، ڕاستە لە دەستوور عێراقدا دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە، بەڵام دەستەڵاتدارانی عێراق فیدڕاڵی جێبەجێ ناكەن وەك خۆی، بۆ نموونە، دەستەڵات دراوە ئەنجومەنی پارێزگا پارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین بكات، كەچی ئەنجومەنی پارێزگایەكی وەك بەسڕا، چەندین جار داوای كردووە و حكوومەت ئەو دەستەڵاتەی پێی نەداوە، ئەوەش وای كرد پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری جێبەجێ نەكرێن، واتە لە عێراق ئەوەی دەستەڵاتی ھەیە، پارەی لە دەستدا نییە، ئەوەی پارەیشی لە دەستە، خەرجی ناكات بۆ میللەت".

 

ھەر پەیوەست بە سیستەمی فیدڕاڵی، بەرواری ڕوونی كردەوە: "سەرۆك بارزانی لە دوای ڕاپەڕینەوە باش لە واتای  فیدڕاڵی گەیشتبوو تا عێراق لەسەری بەڕێوە بچێت، چونكە ئەو میللەتانەی لەنێو عێراقدان، بە زۆر نییە و ناتوانن پێكەوە بەو شێوەیە بژین و كەسێك لە مەركەزەوە حوكمیان بكات، چارە تەنیا ئەوەیە عێراق دابەشی سەر سێ ھەرێمی  فیدڕاڵی بكرێت و كورد بۆ خۆی حوكمی خۆی بكات و سوننە و شیعەیش بە ھەمان شێوە، ئەوكات كەسیش گلەیی ناكات، لەبەر ئەوەی دەسەڵات و داھات دابەش دەكرێت و ھەریەكەو بەشی خۆی دەبێت".

 

قائید میرۆ

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار