مەلیكە مەزان: پێشمەرگە شایەنی ئەوەیە هەموو جیهان كڕنۆشیان بۆ ببەن

هەولێر-KDP.info- مەلیكە مەزان، خانمە شاعیری ئەمازیغی، دەڵێ "ئەگەر ماچكردنی دەستی پیاوی پاڵەوانی راستەقینە و بەشەرەفی وەك پێشمەرگە كارێكی نەشیاو بێ، ئەی كاری شیاو چییە؟ ئەی دەبێ دەستی كێ ماچ بكرێت؟". دەشڵێ: "ناكرێ شاعیرێكی ئاشتیخواز بم (كە ئەندامم لە بزووتنەوەی شاعیرانی جیهان لە پیناو ئاشتی) و بەرگری لە گەلێكی مافخوراو نەكەم كە هەموو كارێكی ناڕەوای بەرامبەر تاقی كراوەتەوە."
خانمە شاعیر و نووسەر مەلیكە مەزان، كە نووسەریكی ئەمازیغییە و بە زمانی عەرەبی دەنووسێت، لەدایكبووی 15ی ئایاری 1960ـە لە گوندی ئایت ئەعتاب كە یەكێكە لە گوندەكانی چیای ئەتڵەسی ناوەڕاست، لە مەغریبی ئەمازیغی گەورە لە باكووری ئەفریقیا دەژیێت، چەندان كتێبی بە چاپ گەیاندوون لە شیعر و گێڕانەوە، ئەندامی بزووتنەوەی شاعیرانی جیهانە لە پێناو ئاشتی. ئەو دەڵێت، گرنگترین نازناو كە شانازی پێوە دەكات، هاوڕێیەتیی گەلی كوردستانە. ماوەیەكە بە سەردان هاتووەتە شاری هەولێر و سەردانی چەندین دەزگای راگەیاندنی كردووە.
* پێشتر لە دوورەوە بەرگریت لە گەلی كوردستان دەكرد، ئیستا تۆ لە پایتەختی كوردستانیت، هەستی خۆت چۆن پێناسە دەكەی؟
- پێشەكی سوپاسی رۆژنامەی (خەبات) دەكەم بۆ ئەم دەرفەتە، هەست بە دڵخۆشی دەكەم بۆ ئەو هەلە میژووییە كە بۆم رەخسا تا لە نزیكەوە گەلی كوردستان بناسم، هەست دەكەم ئەركیكی سەرشانم بەجێ گەیاند، هەست بە شانازی دەكەم كە بەرگری لە مافی گەلی كوردستان دەكەم، كە بە بڕوای من دەبێ هەموو جیهان لەگەڵ مافەكانی بیت، هەست بە سەربەرزی دەكەم كە لێرە پێشوازییەكی شاهانەم لێكرا كە قەت بڕوام نەدەكرد و چاوەڕێشم نەدەكرد، چونكە ئەوەی من دەیكەم تەنها ئەركێكی بچووكە بەرامبەر ئەو گەلە پاڵەوانە. ئەو هەستەی من بڕوا ناكەم پیشتر هیچ ئافرەتیكی دیكە لە جیهان هەستی پێ كردبێ، چونكە هەستەكە بەرامبەر تاكە كەسێك نییە، بەڵكو بەرامبەر رابردوو و ئیستا و داهاتووی گەلیكی مافخوراوەو لەو پێناوەدا دەجەنگێ، بۆیە زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم.
* سەردانی برا پێشمەرگەكانت كرد لە بەرەكانی بەرگری و دەستی یەك بە یەكی پێشمەرگەكانت ماچ كرد، مێدیا عەرەبییەكانیش هێرشێكی ناڕەوایان كردە سەر بەڕیزت و سووكایەتییان پێ كردی، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە؟
- ئەگەر ماچكردنی دەستی پیاوی پاڵەوانی راستەقینە و بەشەرەف كارێكی نەشیاو بێ، ئەی كاری شیاو چییە؟ ئەی دەبێ دەستی كێ ماچ بكرێت؟ ناسینی من بۆ پێشمەرگە پاڵەوانەكان بۆ ئێستا ناگەڕیتەوە، بەڵكو چەندەها ساڵە ئاگاداری داستانی گەورەم و دەشزانم چەندین پاڵەوان خۆیان كردووەتە قوربانی ئازادی و سەربەخۆیی، بەرامبەر ئەو كارە تیرۆریستیانەی دژیان ئەنجام دەدرێت، پێشمەرگە شایەنی ئەوەیە هەموو ئافرەتانی جیهان كڕنۆشیان بۆ ببەن، چونكە گەر بەرگریی ئەوان نەبووایە، ئیستا هەموو ئافرەتانی ناوچەكە دەكەوتنە دەست تیرۆریستان و بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا. شەرمم نەكردەوە لە دەستماچكردنی برا پێشمەرگەكان، چونكە ئەوان شایەنی ئەو كارە بوون، ئەگەر بۆم بڕەخسێت سەدان جاری دیكەش دووبارەی دەكەمەوە، ئەوەش شانازییەكە بۆ من و گشت ئافرەتانی جیهان، ئەگەر خەڵك پێیان ناخۆش بێ، ئەوا پێڵاویشیان ماچ دەكەم، ئەوەش بچووكترین قەرزە كە من بتوانم بۆیان بگێڕمەوە بەرامبەر ئەو بەرخودانەی ئەوان پێشكەشی جیهانیان كرد.
* چ شتێك هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمازیغ پێكەوە دەبەستێتەوە؟
پەیامت بۆ هەردوو گەلی مافخوراو چییە؟
- گەلی كوردستان و گەلی ئەمازیغ، هەردووكیان لە ژێر زوڵم و ستەمكاریدا دەناڵێنن، هێرش دەكرێتە سەر ژیان و زمان و كولتووریان، بۆیە منیش وەك ئافرەتیكی ئازادیخواز بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو ستەمكارییە دەوەستمەوە، بەرگریكردنم لە مافی گەلی كورد، راستەوخۆ بەرگریكردنە لە مافی ئەمازیغ. هەتا ئەگەر هیچ لێكچوونیكیش لە نێوان هەردوو گەلدا نەبیت، ئەوا هەر دەبێت كەسێكی رۆشنبیری وەك من بەرگری لە هەبوونی گەلێكی زیندووی وەك گەلی كورد بكات، ناكرێ شاعیرێكی ئاشتیخواز بم (كە ئەندامم لە بزووتنەوەی شاعیرانی جیهان لە پیناو ئاشتی) و بەرگری لە گەلێكی مافخوراو نەكەم كە هەموو كارێكی ناڕەوای بەرامبەر تاقی كراوەتەوە.
* پێش هاتنت بۆ هەریمی كوردستان، چاوەڕوان بووی بەم جۆرە پیشوازیت لێ بكرێت؟
- نەخێر، رۆژانە بەرنامەیەكی چڕوپڕم هەیە لە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسان و چین و توێژانی گەلی كوردستان، هەروەها رێزلێنانم لەلایەن دەزگا سیاسی و راگەیاندنەكان، ئەوە بۆ من وەك خەونێك وابوو، قەت لەو بڕوایەدا نەبووم، ئەوەش وای لێ كردم كە هەست بە شانازی بكەم. پێش ئەوەی بێمە كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بووم چەند هاوڕێیەكم لە پێشوازیمدا بن و سەردانی چەند شوێنێكی میژوویی و گەشتیاری بكەم و لە نزیكەوە خەڵكی خۆشەویستی كورد ببینم ئەگەر هەلم بۆ بڕەخسێ، بەڵام پیشوازییەكی شاهانە لە فڕۆكەخانە و بینینی بەرپرسان و دەزگا سیاسییەكان، ئەوە بۆ من وەك خەونێك وابوو.
* لە كاتی گەڕانەوەت بۆ وڵاتەكەت، چۆن باسی گەلی كوردستان بۆ هاوڕێ و خزم و دراوسێكانت دەكەی؟
- لە یەكەم چركەساتی گەیشتنم بۆ هەولێر، گەلێكی مرۆڤدۆست و جوانم بینی، هەستم كرد لەناو خزم و كەسوكاری خۆمدام، بۆیە بچمە هەر شوێنێكی جیهان، بە فەخر و شانازییەوە باسی گەلی كورد دەكەم. ئەم گەلە بۆی سەلماندم من لەسەر رێگای راستم كە چەندین ساڵە بەرگری لی دەكەم، بۆم دەركەوت كە خەڵكی كوردستان چەند ئازا و خۆڕاگر و مەزنن، هەموو تاكێكی جیهان لە ئێستادا ئیرەییم پێ دەبەن و هیوادارن ئێستا لە شوێنی من بووان، ئەوەش بە كۆمێنتەكانیاندا دەردەكەوێت كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە بۆم دەنووسن، ئەوانیش لەو بڕوایەدا نەبوون كە خەڵكی كوردستان چەند میهرەبانن و میواندۆستن، داواشم لێ دەكەن كە رێگەیەكیان بۆ بدۆزمەوە تا ئەوانیش لە نزیكەوە ئەو گەلە مەزنە ببینن، بۆیە مانەوەم لە هەولێر چەند درێژە بكێشێت، شتی جوانتر لەم گەلە خۆشەویستە دەبینم، بۆیە لە ناخی دڵمەوە هیواخوازم گەلی كوردستان بە مافە رەواكانی خۆی بگات و لەلایەن كۆمەڵگای نیودەوڵەتییەوە ددانی پێدا بنرێت، چونكە گەلێكی ستەمدیدە و خۆڕاگرە، گەلێكی لێبووردنخوازە، گەلێكە ددان بە هەموواندا دەنێت و كەس رەت ناكاتەوە، گەلێكە باوەشی بۆ هەموو لێقەوماوێك كردووەتەوە لە ناوچەكەدا و دەستی هانا بۆ هەمووان رادەكێشێت، پرسیارەكە لێرەیە: بۆچی دەبێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گەلێك بكرێت كە ئەم جۆرە سیفەتانەی تێدا بێت؟ كەسانێك هەن كە دەبینن بەم شێوەیە بەرگری لە گەلی كوردستان دەكەم، دەڵێن تۆ لەسەر هەڵەی و كەسێكی نەخۆشی، خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە هەموو توانایەك پیِیان دەڵێم ئێوە هەڵەن، دەڵێم ئەوەی رقی لە گەلی كوردە ئەوە بێشك نەخۆشە و پیویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە، زۆر دڵتەنگ دەبم كە دەبینم گەلێكی لەم جۆرە زوڵمی لێ دەكرێ، ئەوە نموونەی گەلێكە كە دەبێت هەمووان وەكو ئەو بن نەك هێرشیان بكرێتە سەر. هیوادارم ویژدانی جیهانی بە ئاگا بێتەوە و موراجەعەی خۆی بكاتەوە و ددان بەم گەلەدا بنێت و رێزی لێ بنێت. گەلی كوردستان بە ئەركی خۆی هەستا و بەرگری لە هەموو جیهان كرد دژی تیرۆریستان و حەواندنەوەی لێقەوماوان، بێ ئەوەی چاوەڕێی دەستخۆشی لە هیچ كەس بكات، خۆی كردە قوربانی تا خەڵكی دیكە رزگاریان بێت، ئەم گەلە نەك پێویستە بەس ددانی پێدا بنرێ، بەڵكوو دەبیَِ هەمووان كڕنۆشی بۆ بەرن و رێزی لی بگیرێت.
دیمانەی رۆژنامەی (خەبات)





