حكوومەت، پلانی هەیە بۆ گەشەپێدانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە

هەڵەبجە-KDP.info- لە پارێزگای هەڵەبجە، چەندین ناوچەی گەشتوگوزاری هەن كە ساڵانە بە سەدان هەزار گەشتیار لە ناوخۆی كوردستان و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان تێدەكەن، بۆیە بڕیارە ئەو ناوچانە بكەونە نێو ماستەرپلانی حكوومەتی هەرێمەوە.
سامان كەریم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پلانی ستراتیژیمان داناوە لە چوارچێوەی ماستەرپلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەدان بە كەرتی گەشتوگوزار لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ئەوەی پەرەیان پێ بدرێت و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ تەواوی هاویینەهەوارەكان دابین بكەین و فراوان بكرێن".
ساڵانە بە سەدان هەزار گەشتیار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، سەردانی هاوینەهەوارەكانی ئەحمەد ئاوا، ئاوێسەر، چاوگ، ڕیشێن و بیارە و تەواوی ناوچە گەشتیارییەكانی تری ئەو پارێزگایە دەكەن.
سامان كەریم دەڵێ، "گەشەپێدان و فراوانكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان، بە پلان دەبێت كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانی بۆ داناوە، دەشمانەوێت گەشتوگوزار بۆ چوار وەرزی ساڵ بڕەخسێنین كە ئێمە ناوچەكەمان تایبەتمەندیی گەشتیاریی هەیە".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی، "ساڵانە بە سەدان هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە دەكەن بە تایبەت هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، كە گەشتیاران بە تامەزرۆییەوە ڕوی تێدەكەن، گەشتیارەكانیش لە ناوەڕاست و خواروی عێراق و ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی دراوسێوە دێن".
ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە زۆرینەیان كەوتوەتە ناوچەی هەورامان و دیمەنێكی دڵفڕێنیان هەیە، كە ناوبانگیشیان لە تەواوی كوردستان و عێراقدا هەیە.
كەریم هێما بۆئەوەیش دەكات، "ئەو داهاتەی كە لە هاوینەهەوارەكان دەست دەكەوێت، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خاوەن باخ و دووكاندار و كاسبكارەكانەوە، لە ئیستادا حكوومەت هیچ داهاتێكی دەست ناكەوێت جگە لە داهاتی ئەو چەند ڤێـللایەی هاویینەهەواری ئەحمەدئاوا كە حكوومەت دروستی كردووە، بەڵام ئێستا پلانمان هەیە لە ڕێگەی ڕسووماتەوە داهات بۆ حكوومەت دەستەبەر بكەین".
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماستەرپلانی هەیە بۆ گەشەپێدان و فراوانكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە، تاوەكوو بتوانێت ساڵانە زۆرینەی گەشتیاران ڕابكێشێت بۆ هەرێم و، داهاتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیەكی گرینگ بۆ بودجەی كوردستان و ڕەخساندنی هەزاران هەلی كار بۆ هاوڵاتییانی هەرێم.
هێڤییار هەڵەبجەیی




