٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی شارەوانی: حكوومەت ٤٠%ی داھاتی وەزارەت، بۆ پڕۆژەكان بەكار ده‌هێنێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

 هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، جگە لە دانیشووانی ھەرێمی كوردستان، ئاو بۆ ئاوارەكانیش دابین كراوە كە ٣٢%ی دانیشتووانی ھەرێم، لە ئاوارە پێك ھاتووە. دەشڵێ، "كێشەی ئاومان نییە لە ھەرێم، لەگەڵ ئەوەیشدا دەمانەوێ دەست بە ئاوەوە بگرین".

مەسعوود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ھەرێمی كوردستان بە ھیچ شێوەیەك كێشەی ئاو نییە، چونكە ئەو ئاوەی دەیپاڵێوین و بەسەر ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمدا دابەشی دەكەین بە ئاوارەكانیشەوە، بەشی ھەموویان دەكات، چونكە جگە لە دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆری ئاوارەش ئاویان بۆ دابین دەكەین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، كاریگەری ھەبووە لەسەر پڕۆژەكانی ئاو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا رەوشی ئاو لە شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان زۆر ئاساییە و بەرھەمھێنانی ئاو بەردەوامە".

بەڕێوەبەری گشتی ئاو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "حكوومەت ٤٠%ی ئەو داھاتەی لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە دەستی دەكەوێت، بۆ پڕۆژەكان بەكار دێتەوە، ئەمەیش ھۆكارە كە ئەو كێشانەی لە كەرتی ئاودا ھەن، بەو داھاتە چارەیان بكەین و پڕۆژەی ئاو ئەنجام بدەین".

وەك كاڕەش روونی كردەوە، "بۆ ئەوەی زیاتر كۆنتڕۆڵی رەوشی ئاو بكرێت، وەزارەت دەستی بە دانانی پێوەری ئاو كردووە بۆ ھەموو بەكارھێنەرانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەی دانانی پێوەر بە شێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت و ھەموو لایەكیش لەگەڵ ئێمە ھاوكارن، باوەڕیش ناكەم ھاووڵاتیان پێوەی پابەند نەبن، چونكە دانانی پێوەر واتای دەستگرتن بە ئاوەوە و تا ئێستا ھەموو ئەو شوێنانەی پێوەریان بەستووە، پابەندن بە دانی كرێی ئاو، بەوەش دەتوانین زیاتر كۆنتڕۆڵ لەسەر ئاو بكەین و بەفیڕۆ نەدرێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار