٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەوزاد ھادی: پڕۆژەی ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر دھۆک تەواو دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر -KDP.info- بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە دەست بە تەواوکردنی ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر دھۆک بکات کە لە نێو ھاووڵاتییاندا بە ڕێگەی گۆپالە ناسراوە و بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێ، ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە و بە ستانداردی جیھانی دروست دەکرێت.

 

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر، لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆژەی جووتسایدی ھەولێر دھۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر بۆ دھۆک کە بە ڕێگەی گۆپالە ناسراوە بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەم لە سەنتەری شاری ھەولێر بۆ گۆپالە و سەر زێی گەورە، قۆناغی دووەمیش لە شاری دھۆک بۆ سەر زێی گەورە، ئێستا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەھەوڵدایە بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەی جووتسایدی ھەولێر دھۆک بکرێت."

 

نەوزاد ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: " دروستکردنی ڕێگاکە نەوەستاوە، بەڵام چونکە پڕۆژەکە بەقەرز دەکرێت ئەوە ھەندێ ڕێکاری پێویستە و وەک ئاماژەم بۆ کرد ئاوەدانکردنەوە لەھەوڵدایە بۆ ئەوەی بە تەواوی پڕۆژەکە بکەوێتە کار و کۆتایی بەو پڕۆژەیە بێنین."

 

پردی گۆپالە کە درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەترە و ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک پێکەوە دەبەستێتەوە بەشێکی زۆری لێ تەواو کراوە و بە تەواوکردنیشی ڕێگەی نێوان ھەولێر بۆ دھۆک زۆر کورت دەبێتەوە.

 

پێشتر زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر دھۆک بە شێوەی ستانداردی جیھان دروست دەکرێت و پارێزگای ھەولێر بە پارێزگای دھۆک و دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل دەبەستێتەوە."


 

هەواڵی پەیوەندیدار