"کچێکی دیکەی ئێزدی ڕزگار کرا"
__2018_07_21_h15m30s28__ER.jpg)
شنگال-KDP.info- کچێکی دیکەی ئێزدی لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە نێو خاکی سووریا ڕزگار کرا و بەرپرسێکی کوردی ئێزدیش دەڵێ، ژمارەیەک لەو ڕفێندراوانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن.
ئەمڕۆ کچێکی دیکەی ڕفێندراوی دەستی داعش ڕزگار کرا و وەک حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "ئەو کچە ناوی ئەنوارە و تەمەنی ٢٠ ساڵە و خەڵکی گوندی کۆجۆی شنگالە لە سووریا ڕزگار کراوە."
حوسێن قائیدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نووسینگەی ڕفێندراوی دەستی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی ئەوانەی لە لایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە ڕفێندراون."
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشێک لەو ڕفێندراوانە ڕەوشی دەروونییان تێک چووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ھەموو توانایەکی خستووەتە گەڕ بۆ ئازادکردنیان، ھاوکات چارەسەریشیان دەکات تا بگەڕێنەوە ڕەوشی ئاساییی خۆیان."
بۆزانی ئەوەیشی ڕوون کردەوە: "پێشتر یەکێک لە وەزیرانی وڵاتی ئەڵمانیا لە کاتی سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵێنی پێ داوین ژمارەیەک لەو ڕزگاربووانە بگوازرێنەوە بۆ ئەڵمانیا و چارەسەریان بۆ بکرێت و دواتر بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، نووسینگەی تایبەت بە ڕفێندراوانی دامەزرادندووە و نووسینگەکە بەردەوامە لە رزگارکردنی ئێزدیان.
قائید میرۆ




