٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی ئەمنی: شەش‌ھەزار چەکداری داعش لە عێراق ماون

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك -KDP.info- ماوەیەکە چەندین تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی شاری کەرکووک و دەوربەری گرتەوە و زیانی گیانی و ماددی بە دوای خۆیدا ھێناوە، فەرماندەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی پەیوەندیی بە خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراقەوە هەیە و داعش کەڵک لەو ئاڵۆزییانە وەردەگرێت.

 

ماوەیەکە جووڵەی داعش زیادی کردووە و چاودێرانیش ھۆشداری ئەوە دەدەن، ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ نەکات، ئەوە ڕووداوی گەورەتر بە دوای خۆیدا دێنێ و عێراق زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە. دژوار فایەق، شارەزای ئەمنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ئەو زانیاری و پێشبینییانەی ھەیە نزیکەی شەشھەزار چەکداری داعش لەو ناوچانە ماون کە پێشتر لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا بوون لە عێراق، بێگومان ھەبوونی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش مەترسییە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی و ژیانی ھاووڵاتییان، ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش توانای لەنێوبردنی شانەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشی نییە، ھەر ئەوەش وای کردووە لە ھەندێ ناوچەی وەک حەویجە داعش زیاتر کۆنتڕۆڵی بەسەر ناوچەکەدا ھەبێت نەک عێراق."

 

دوژار فایەق، کە پێشتر بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگەش بووە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی عێراق خۆی تەقیوەتەوە و خۆپێشاندانەکانی درێژەی ھەیە لە باشووری عێراق، ئەوەش ھۆکارێکە داعش کەڵک لەو بۆشاییە سیاسی و ئیدارییە وەربگرێت، بەتایبەت لە شوێنێکی وەکو کەرکووک ڕەوشەکەی خۆی سەقامگیر نییە و ھێزە ئەمنییەکان ناتوانن ڕەوشی ئەمنی بپارێزن، ئەگەر داعشیش دەست بە چالاکی بکات، یان ھاووڵاتییان بێنە سەر شەقام بە تەواوی ڕەوشەکە ئاڵۆز دەبێت."

 

محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەغدا بەرپرسە لە تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی پارێزگای کەرکووک، چونکە دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی بەسەر کەرکووکدا ڕەوشی ئەو سنوورە بە شێوەیەک تێک چووە چاککردنەوەی زۆر زەحمەتە، لەبەر ئەوەی ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی خۆیان بەشێکن لەو ئاڵۆزییانە و تاوانیان ئەنجام داوە دژی کەرکووکییەکان."

 

محەمەد کەمال دەشڵێت: "بێگومان ئەو ھەموو داعشە لە کەرکووک ھەبێت و ھێزی نامۆش دەستی بەسەر کەرکووکدا گرتبێت ڕەوشەکە لەوە باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان، لەبەر ئەوەی بینیمان کاتێک پێشمەرگە کەرکووکی دەپاراست گرووپی تیرۆریستیی داعش چەندیش بەھێز بوو نەیتوانی زەفەر بە کەرکووک ببات."

 

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "جووڵەی داعش لە کەرکووک زۆر زیادی کردووە، ئەوە ناشاردرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆن کردووە بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستان، ئێستا ناوچەکانی دەوربەری کەرکووک و بەتایبەتی ئەو سنوورەی دەکەوێتە بەرامبەر میحوەری ئێمە لە پردێ ھەموو ماڵەکان دەپشکێندرێن بە بۆنەی پەیدابوونی داعش لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وایە ھێزە عێراقییەکان ناتوانن بەو شێوەیەی ئێستا داعش لەنێو بەرن، چونکە گرووپی تیرۆریستیی داعش زۆر لەوە بەھێزترە و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیان ھەیە لەو ناوچانەی خۆیان حەشار داوە، کە ھەموومان دەزانین داعش زیاتر لە کوێن."

 

لەبارەی کاریگەریی خۆپێشاندانەکانی عێراق لەسەر کردەوەی تیرۆریستی و چالاکیی داعش، عەقید ھێمن ساڵح ڕوونی کردەوە: "بێگومان ڕەوشی سیاسی و ئەمنی کاریگەرییان لەسەر یەکتر ھەیە، خۆپێشاندانەکانی باشووری عێراق بێگومان کاریگەرییان لەسەر ناوچەکانی دیکە و تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی ھەیە."

 

سێ ڕۆژ لەمەوبەر پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ئۆپەڕاسیۆنێکی ھاوبەشیان بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش لە چیای قەرەچۆخی نزیک مەخموور ئەنجام دا و تێیدا جگە لە خاپوورکردنی چەندین پێگە و تۆنێلی داعش ھاوکات چواردە چەکداری داعش کوژران.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار