٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هوشیار سیوەیلی و مەلیكە مەزان، پرسگەلێكیان تاوتوو كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هوشیار سوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، پێشوازیی لە خاتوو مەلیكە مەزان، شاعیر و نووسەری ناسراوی ئەمازیقی (مەغریبی) كرد و پێكەوە پرسگەلێكیان تاوتوو كرد.

خاتوو مەلیكە، بە سەردانێك و لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان هاتووەتە هەولێر بە هۆكاری ڕۆڵی گرینگی بەڕێزیان بۆ پشتگیریی گەلی كوردستان. ئەم شاعیرە ئەمازیقییە، زۆر دۆستی گەلی كوردستانە و لەسەر هەڵوێستەكانی تووشی هێرشی ناڕەوای شۆڤێنیستە عەرەبەكان و دوژمنانی كوردستان بووەتەوە. ئەو ماوەیەك لە لایەن حكوومەتی مەغریبەوە گیرا لەسەر ئەو هەڵوێستانەی كە داوای ماف و بەفەرمی ناساندنی دۆزی رەوای گەلی كوردستانی كردبوو.

خاتوو مەلیكە مەزان، كە ئێستا بە سەردانێك لە كوردستانە و بە جلوبەرگی كوردییەوە سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی كردووە، گوتی: "زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینی كوردستان و خەونێكی مەزن و چاوەڕوانكراوم هاتە دی بە سەردانی كوردستان و لە نزیكەوە ئاشنابوون بەم نەتەوە مەزن و میهرەبانە كە بەردەوام خەباتی بۆ ئازادی كردووە و بەرگریی لە لێقەوماوان كردووە".

مەزان، لەو دیدارەدا ئاماژەی بە دڵفراوانیی گەلی كوردستان كرد كە لە هیچ قۆناخێكی خەبات و چەوساندنەوە و كمیاباراندا پەنای بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبردووە، گەلێك لە پاش خاپووركردنی ماڵ و جینۆسایدكردندا، باوەشی میهرەبانی بكاتەوە، ئەمە هەستی گەورەی مرۆڤایەتی لەناو ئەم میللەتەدا دەسەلمێنێت. ئاشتی و كولتووری پێكەوەژیان لە نێوان ئایین و ئایزا و نەتەوەكان لە كوردستاندا، جێگای شانازی و بەرزنرخاندنە و پێویستە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم بەها بەنرخە بكرێنە نموونە بۆ گەلان و حكوومەتەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا.

ئەم خاتوونە، كە لەگەڵ هوشیار سیوەیلیدا پرسگەلێكیان خستە بەرباسەوە، ساڵی ڕابردوو پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئامادەكاریی پێویستی بە مەبەستی سەردانی كوردستان بۆ كرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك زۆر بانگەشەی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كردبوو و بە فراوانی ئاڵای كوردستانی بڵاو كردبووەوە و چەندین ڤیدیۆكلیپی بۆ پشتگیریی كوردستان و لە دژایەتیی عەرەبی شۆڤێنی و حكوومەتی عێراق بڵاو كربووەوە، بۆیە پۆلیسی وڵاتەكەی پەلاماری سەر ماڵەكەی دەدەن و بە بەهانەی ئەوەی زیانی بۆ ئاساییشی نەتەوەیی وڵاتەكەی و جیهانی عەرەبی هەیە، دەستگیر دەكرێت و لێكۆڵینەوەی چڕوپڕی لەگەڵدا دەكرێت و دەخرێتە زیندانەوە و بە هۆیەوە سەردانی بۆ كوردستان تێك دەچێت. ئاسایشی وڵاتەكەی بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگەی سەفەركردنی بۆ دەرەوە پێ نادەن و دواجار لە ڕێگەی پارێزەرەكانییەوە ئاسانكاری بۆ دەكەن و سزادانی سووك دەكەن، بەڵام سوور بووە لەسەر پشتگیری لە پرسی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و دواجاریش بڕیاری سەفەركردن بۆ كوردستان دەدات.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار