به‌ڕێوەبه‌ری ته‌ندروستییش لا درا و عه‌ره‌بێکیان له جێی دانا

كه‌ركووك-KDP.info- له به‌رده‌وامیی لادانی به‌رپرسانی كورد له كه‌ركووك له پۆسته‌كانیان و دانانی عه‌ره‌ب له شوێنیان، به بڕیاری ئیداره‌ی كه‌ركووك به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی ته‌ندروستییش لا درا.
له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە ئیداره‌ی كه‌ركووك به هاوكاریی حكوومه‌تی عێراق، ده‌ستی كردووه به لادانی به‌رپرسانی كورد له پۆسته‌كانیان و دانانی عه‌ره‌ب له شوێنەکانیان.
دیاری حوسێن، جێگری به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئیداره‌ی كه‌ركووك به هاوكاریی حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وامن له لادانی به‌رپرسانی كورد له پۆسته‌كان، له نوێترین بڕیاریشدا (د.كه‌ریم وه‌لی) به‌رێوەبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك كه كورده له پۆسته‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه و، (د.حوسێن)ێک كه كه‌سێكی عه‌ره‌به له شوێنی ئه‌و دانراوه."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیاری حوسێن، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یەی ئه‌وان دایانناوه، هه‌رچی كورده له هه‌ر پۆستێكدا بێت، دووری ده‌خه‌نه‌وه و كه‌سانی عه‌ره‌ب له شوێنیان داده‌نێن و هیچ هۆكارێكیش بۆ لادانی ئه‌وان نییه و ته‌نها هۆكار كوردبوونه.
ئەو گوتیشی "زۆر جار بیانووی ئه‌وه ده‌گرن، كه گوایه به‌هۆی ده‌وامنه‌كردنەوە به‌رپرسه‌كان لا ده‌درێن، به‌ڵام (د.كه‌ریم وه‌لی) هه‌ر له كه‌ركووك بووه و به‌رده‌وام بووه له ده‌وامكردنی خۆی و هیچ كات ده‌وامی خۆی جی نه‌هێشتووه، بۆیه مه‌به‌ستی ئه‌وان ته‌نها نه‌هێشتنی كورده له كه‌ركووك."
د.كه‌ریم وه‌لی به‌رێوبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك له دوای رووخانی رژێمی به‌عسەوە له ساڵی2003، تاوه‌كو ئێستا به‌رێوبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووكه و دەڵێن، کە زۆر پابه‌ند بووه به ده‌وامی خۆی.
بڵند ئیبراهیم




