٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار ئاکرەیی: کۆمسیۆن ٢٠٠ ھەزار ناوی سڕ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان داوای لە ھاووڵاتییان کرد سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان و ڕوونی کردەوە، دەیان ھەزار ناو سڕ کراون بەبێ پشتڕاستکردنەوە مافی دەنگدانیان نامێنێ.

 

لەو بارەیەوە، د. جووتیار ئاکرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمسیۆن دەیان بنکەی تۆماری دەنگدەرانی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە تا ھاووڵاتییان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناوی خۆیان سەردانی ئەو بنکانە بکەن، بەداخەوە تا ئێستا ڕێژەی سەردانیکردنی ھاووڵاتییان وەک پێویست نییە و ساردییەکی  پێوە دیارە، لەبەر ئەوەش داوکارین لایەنە سیاسییەکان ھاوکارمان بن لەوەی ئەندام و لایەنگرانیان ھان بدەن بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بکەن."

 

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی دابێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە لیستی ژمارە ١٨٣ بەشداری دەکات، ئەندامەکەی کۆمسیۆن دەڵێت: "ھەر ھاووڵاتییەک سەردانی ناوەندی تۆماری دەنگدەران نەکات لە کاتی بوونی ھەر کێشەیەک مافی دەنگدانی دەفەوتێت، خۆیشی بەرپرسیارە، چونکە کۆمسیۆن ماوەی مانگێک مۆڵەتی داوە بۆ تۆماری دەنگدەران و ٢٠٠ ھەزار دەنگیش ھەن سڕ کراون، ئەگەر ھاووڵاتییان سەردانی کۆمسیۆن نەکەن ناوەکانیان لە لیستی تۆماری دەنگدەران دەسڕدرێتەوە."

 

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی پارتیی بۆ ھەنگاوەکەی کۆمسیۆن نیشان دا و گوتی: "ئێمە پێشوازی لە پلان و بەرنامەکەی کۆمسیۆن دەکەین بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پاککردنەوەی تۆمارەکە، داواش لە جەماوەری پارتی دەکەین سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان."

 

لەبارەی گلەییی لایەنە سیاسییەکانیش ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی تۆماری دەنگدەران زۆر بە شەفافی بەڕێوە دەچێت و بریکاری لایەنە سیاسییەکان پێویستە چاودێری بکەن و لە ھەر کێشەیەک تانەی خۆیان ھەبێت، چونکە ئێمە دەرگامان بۆ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان واڵا کردووە و لای خۆمانەوە زۆر ئاسانکاریمان کردووە تا دواتر گلەیی نەیەتە سەر کۆمسیۆن."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار