٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حوسێن حەسوون: دۆسیەی ئێزدییەكان شكستی نەهێناوە.. نامەم بۆ عەبادی ناردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی كوردانی ئێزی رایدەگەیێنێت، دۆسیەكەیان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی شكستی نەهێناوە، بەڵكوو هەندێ هۆكاری یاسایی لەمپەرن لە بەردەم رێكارە یاساییەكاندا.

رۆژی٣ی ٨ی ٢٠١٤، شنگال كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی لەو شارۆچكەیەدا كوژران و هەزارانی تر بێسەروشوێن كران، هەر ئەوكاتیش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە دروست كرد و دواتر سەبارەت بە دۆسیەكە سەدان بەڵگە رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كران. هاوكات گەورەیی ئەو كارەساتەیش لە ئاستێكدا بوو، كە جیهانی هەژاند و رای گشتیی جیهانی یەك خست، كە دواتر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆریستانی داعش، پێك هێندرا.

حوسێن قاسم حەسوون، ئەندامی لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەكان، كە هاوكات شارەزایشە لە تاوانە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك دۆسیەی بەجینۆسایدناساندنی شنگال لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە رەت نەكراوەتەوە و هەوڵی حكوومەتی هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە شكستی نەهێناوە، بەڵكوو دادگاكە بە هۆی نەبوونی مەرجی یاسایی پێیان ڕاگەیاندووین، ناتوانین لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە بكەین".

حەسوون، مەرجە یاساییەكان بۆ بەرەوپێشوەچوونی دۆسیەكە ئاشكرا دەكات، كە دەبێت عێراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێت، لە كاتێكدا عێراق ئەندام نییە و ناشیەوێت ئەندام بێت، ئەویش بە هۆكاری سیاسی، خاڵێكی دیكە ئەوەیە، سەرۆكوەزیرانی عێراق وێڕای ئەندامنەبوونیشی، دەتوانێت بە فەرمی داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات، كە بێنە عێراق و لێكۆڵینەوە لەو تاوانە گەورەیە بكەن، یانیش ئەوەتا ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان دۆسیەكە رەوانەی ئەوان بكات، ئەوكات دەتوانن لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بكەن، گوتیشی: "نامەم بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ناردووە و داوام لێ كردووە، كە ناوبراو داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات بۆ ئەو مەبەستە، ئەویش بەپێی ماددەی٣ بڕگەی ١٢ی پەیماننامەی رۆما، عەبادی دەتوانێت ئەو داوایە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام بە داخەوە ئەوەیشیان نەكرد".

ناوبراو ئاماژە بۆ هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم و لیژنە باڵاكەی بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەكانی شنگال لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكات، بەوەی كە تا ئێستا حكوومەتی بەغدا لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێكی ئەرێنیی نەناوە، تا دۆسیەكە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە قبووڵ بكرێت، گوتیشی: "ئەمەیش مانای ئەوە نییە، كە هەوڵەكانمان، یاخود دۆسیەكە لە دادگا شكستی هێنابێت، بەڵكوو دەكرێ لە هەر كاتێكی تردا یەكێك لە بنەما یاساییەكان هەبێت، دۆسیەكە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە لە دادگا ئەوەیان پێ راگەیاندین كە پێویستە ئێمە بنەمایەكی یاساییمان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن لێكۆڵینەوە بكەن، تا بڕیاری لەسەر بدەن".

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە ١٧ی٧ی ١٩٩٨ لە پەیماننامەی رۆما واژۆ كرا، كە بڕیاری پێكهێنانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی درا و دوای چوار ساڵ دەستی بە كارەكانی كرد، كە ١٢٤ وڵات پەسەندی پەیماننامەكەی دادگاكەیان كردووە، هاوكات ١٣٩ وڵاتیش واژۆیان لەسەر كردووە، بەڵام عێراق ئەندام نییە و بە هۆكاری سیاسی هیچ هەوڵێكی نەداوە ببێتە ئەندام.

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار