٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کۆمپانیاکانی ھەرێم بەهۆی دۆخی عێراقەوە ڕێگەی ھاوردەکردنی کالاکانیان گۆڕیوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراقەوە مەترسی بۆ سەر کەرتی بازرگانی، بەتایبەت ھاوردەکردنی کەلوپەلی بیانی دروست بووە و وەک سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستانیش دەڵێ، کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگەیان گۆڕیوە.

 

ماوەی حەفتەیەکە لە شارەکانی باشووری عێراق خۆپێشاندانی ھاووڵاتییان بەڕێوە دەچێت و توندوتیژیی ئەنجامی خۆپێشاندانەکان کاریگەری لەسەر زۆربەی کەرتەکان پەیدا کردووە و لە باشووری عێراق ڕێگەی ھاتوچۆ و بازرگانی ئەستەم بووە.

 

شێخ مستەفا ئەحمەد، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر ئاڵۆزییەک لە ھەر وڵاتێکدا ڕوو بدات دەبێتە ھۆی سستیی جووڵەی بازرگانی. ئێمە دەبینین زۆربەی کۆمپانیاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری بەسڕەوە کاڵاکانیان ھاوردەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی پارێزگاکانی باشوور بووەتە ھۆکاری ئەوەی بازرگانان کەمتر کاڵا ھاوردەی عێراق بکەن و ھەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیکەوە کاڵاکانیان ھاوردە بکەن، چونکە ھەر کێشەیەک لە عێراقدا ڕوو بدات کاریگەری لە سەر کزیی بازاڕ دەبێت."

 

سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان دەڵێت: "خۆپێشاندانی ڕۆژانی ڕابردووی عێراق کاریگەری کردووەتە سەر ڕەوشی  بازاڕەکانی  عێراق و ماوەی چەند ڕۆژێکە بازاڕ وەک پێشتر بە شێوەی ئاسایی بەڕێوە ناچێت."

 

لەبارەی کاریگەری ئاڵۆزییەکانی عێراق بۆ سەر  بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، شێخ مستەفا ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زۆربەی کۆمپانیاکانی ئێمە ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتانی وەک چینەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستانی دەکەن لە ڕێگەی ئاوییەوە و لە بەندەری ئوم قەسر و بەسڕاوە هاوردەیان دەکەن، بەڵام خۆشبەختانە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگەیان گۆڕیوە بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەلی ھاوردە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار