٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چیای قەرەچووغ.. ئۆپەڕاسیۆنەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت و پێشمەرگە گەمارۆی داعشیان داوە

سەرچاوە: KDP.info

 

مەخموور-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە بناری چیای قەرەچووغی نزیك مەخموور دەستی پێكرد و، سەرچاوەیەكی سەربازییش دەڵێ، ژمارەیەك چەكداری داعشیان كوشتوون و پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە.

عەقید زیاب زیاد، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەستخستنی زانیاری لەبارەی ھەبوونی جووڵەی چەكدارانی داعش لە سنووری دەوروبەری مەخموور، ئەمڕۆ ھێزەكانی پێشمەرگە بە ھەماھەنگیی ھێزەكانی ھاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كێوماڵكردنی بناری چیای قەرەچووغ دەست پێكرد و لە بەیانییەوە شەڕوپێكدادان لە ناوچەكەدا بەردەوامە".

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەكی سەربازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: "چەكدارانی داعش خۆیان لەنێو تۆنێل و ئەشكەوتەكانی بناری قەرەچووغ حەشار داوە و لەسەر زەوی پێشمەر پێشڕەوی دەكات و لە ئاسمانیش فڕۆكەی ھاوپەیمانان داعش دەكەنە ئامانج".

لەبارەی زیانەكانی تیرۆریستانەوە، سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھێشتا شەڕ كۆتایی نەھاتووە، بەڵام پێشمەرگە توانی سەركەوتوو بێت لە پلانی كێوماڵكردنی چیای قەرەچووغ و لە دوو شوێن خۆم تەرمی چەكدارانی داعشم بینیوە كە بەپێی مەزەندەی خۆم تا ئێستا پازدە چەكداریان كوژراون".

عەقید زیاب زیاد روونی كردەوە: "ھێزەكانی پێشمەرگە لە چەند لایەكەوە گەمارۆی چەكدارانی داعشیان داوە و خوا پشتوپەنامان بێت ناھێڵین یەك چەكداریان قوتار بێت لە دەست ھێزی پێشمەرگە و، تا ئێستایش ئۆپەڕاسیۆنەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار