٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هه‌ڵه‌بجه‌.. 23ی مانگ یەكەم دانیشتنی دادگایه‌.. زیاتر لە 1000 بەڵگەنامەمان كۆ كردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-KDP.info- ماوەی 10 ساڵە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوكاریی دەستەیەكی پارێزەرانی ناوخۆ و بیانی، كار بۆ دادگاییكردنی تەواوی ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە چەكی كیمیاییان داوە بە ڕژێمی بەعس، تا ئێستایش زیاتر لە 1000 بەڵگەنامەی تۆمه‌تباربوونیان لەسەر كۆ كراوەتەوە، بۆیە ڕۆژی 23-7-2018 یەكەم دانیشتنی دادگا لەو بارەیەوە بەڕێوە دەچێت.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی 23-7-2018 لە دادگای هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی دەستەی پارێزەرانی كۆمەڵەی قوربانیان، كە لە پارێزەرانی وڵاتانی بیانی و ناوخۆ پێك هاتووە، یەكەم دانیشتنی دادگا سەبارەت بەو كۆمپانیایانە بەڕێوە دەچێت كە چەكی كیمیاییان بە ڕژێمی سەددام حوسێن فرۆشتووە و، 10 ساڵیشە كار لەسەر ئەو كەیسە دەكەین".

عەبدلقادر دەڵێ: "لە ڕێگەی نوێنەراییەتیی حكوومەتی هەرێم و پارێزەرەكانمان لە دەرەوەی وڵات، تەواوی ئەو كۆمپانیانەی كەیسیان لەسەر كراوەتەوە، ئاگادار كرداونەتەوە، كە ئامادەی دادگاییكردنەكەیان بن".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕوونیشی كردەوە: "زیاتر لە 1000 بەڵگەنامەمان كۆ كردووەتەوە لەسەر تەواوی ئەو 24 كۆمپانیانەی كە تۆمه‌تبارن بە فرۆشتنی چەكی كیمیایی بە عێراق، كاریشمان كردووە لەسەر ئەوەی لە وڵاتەكانی خۆیشیان لە دادگاكان كەیسیان لەسەر بكەینەوە، خۆشبەختانە یەكەم وڵات فەڕەنسا بوو كە دادگاكانیان كەیسی تایبەتیان بۆ داواكەی ئێمە كردەوە".

وەك ئەو گوتی، كاریان كردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی دادگاییكردنەكە، ڕاگەیاندنەكانی جیهان و ناوخۆ ڕووماڵی تەواوی دادگاییەكە بكەن، تاوەكوو ڕای گشتیی جیهان ئاگایان لە دادگاییەكە بێت.

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار