تاریق گەردی: باری داراییی عێراق هەرچۆن بێ، بڕەپارەکەی هەرێم پارێزراوە

ھەولێر-KDP.info- دوای حەفتەیەك بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی ھاووڵاتیانی شارەكانی باشووری عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری دا پارە بۆ چەند پڕۆژەیەكی شارەكانی بەسڕا، نەجەف، زیقاڕ و میسان خەرج بكرێت، لەوانەش پاڵاوتنی ئاوی شاری بەسڕا و زیادكردنی بەرھەمی كارەبا و چەندین پڕۆژەی دیكە.
لەگەڵ بڕیاری خەرجكردنی پارە بۆ پارێزگاكانی باشووری عێراق، لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێت كە پێشبینی دەكرێت بەغدا ئەو پارەیەی مانگانە كە ٣١٧ ملیار دینارە و بۆ هەرێمی دەنێرێت، ببڕێت، بەڵام ئەندامێكی پێشووی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، رەتی كردەوە عێراق بتوانێ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ببڕێت.
دكتۆر تاریق گەردی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھیچ رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و ھەولێردا نییە لەبارەی چارەكردنی كێشەی مووچە و بودجە، بەڵام دوای ئەو گوشارانەی خرانە سەر حكوومەتی بەغدا، بە تایبەت سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، بە روونی بە بەغدا راگەیێندرا كە پشكی ھەرێمی كوردستان خەرج بكرێت".
ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی نەوت و غاز روونی كردەوە: "بەپێی ئەو لێكتێگەییشتنەی نێوان ھەردوو سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا، ھەرێم نەوتی خۆی ھاوردەی بازاڕەكانی جیھان دەكات و مانگانە دارایی بەغدایش ٣١٧ ملیار دینار دەدات بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان".
پێشتریش چەندین جار وڵاتانی جیھان و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ھۆشدارییان داوەتە عێراق، كە لەو قەرزەی دەیدەن بە عێراق پشكی ھەرێمی كوردستان خەرج بكات، كە لە دەستووریشدا ھاتووە پشكی ھەرێمی كوردستان لە ھەر قەرزێكدایە كە بەغدا بیكات.
گەردی، رەتیشی كردەوە كە بەغدا بتوانێت لە ئێستادا پشكی بودجەی ھەرێمی كوردستان ببڕێت و دەڵێت: "من لەو بڕوایەدا نیم بەغدا بتوانێت ئەو ٣١٧ ملیار دینارە ببڕێت، چونكە كێشە بۆ عێراق دروست دەبێت".
قائید میرۆ




