كۆبوونهوهی پارتی و یهكێتی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی ھاوبەش دهستی پێكرد

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەك بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدادا، كۆ ببنەوە.
جموجۆڵ و گفتوگۆ لە نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەستی پێكردووە و، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ھەوڵ دەدەن ئەم جارە بەیەكەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا بكەن و پێكەوەش سەردانی بەغدا بكەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، د. ئاراس حەسۆ میرخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی ھاوبەش، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا بكەن، چونكە پارتی و یەكێتی دەیانەوێت پێكەوە بچنە بەغدا".
میرخان گوتیشی، تاوەكو ئێستا دیار نییە پڕۆژەكە چۆنە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا قسەی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەری و ئامادەی بكەن و ببێتە بنەمای گفتوگۆی پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا.
پێشتریش بەنگین رێكانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە كردبوو، ھەوڵ دەدرێت شاندێكی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێوە گفتوگۆ بكەن، بەڵام ئەمجارە ھەموو ھەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن كە شاندی پارتی بە ھاوبەشی لەگەڵ یەكێتیدا سەردانی بەغدا بكەن.
بڵند ئیبراھیم




