ھۆگر چەتۆ: رێگریی بەغدا پێچەوانەی دەستووره

هەولێر-KDP.info- بەغدا رێگری لە كاركردنی ئەو رێكخراوانەی ھەرێمی كوردستان دەكات كە مۆڵەتیان لە بەغدا وەرنەگرتووە و، رێكخەری تۆڕی شەمسیش باوەڕی وایە، بڕیارەكە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێویستە رێگری لە ھیچ رێكخراوێك نەكرێت.
ھۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە حكوومەتی عێراق دوای داگیركاری، بڕیاری داوە ھەر رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی مۆڵەتی لە بەغدا وەرنەگرتبێت رێگەی پێ نادرێت لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی ئەواندا كار بكات، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی چەندین رێكخراو بێبەش بكرێن لەوەی بتوانن خزمەت بەو ناوچانە بكەن، رێگریكردن لە كاری رێكخراوەیی كاریگەری ھەبووە لەسەر كارەكانی ژمارەیەك رێكخراو، بەڵام بەشێك لەو رێكخراوانەش كە مۆڵەتی ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵییان ھەیە، ئەوانە دەتوانن كار بكەن لە ناوچەكانی وەك مووسڵ و كەركووك و خانەقین".
بەپێی دەستووری عێراق، ھەر یاسایەك لە ھەرێمی كوردستان دەربكرێت، شەرعییەتی ھەیە و كاری پێ دەكرێت، بەڵام بەغدا ھەمیشە گوێی بە دستوور و یاسا نەداوە، لەبارەی پرسی بە یاساییبوونی ئەو رێكخراوانەی رێگرییان لێ دەكرێت، رێكخەری تۆڕی شەمس دەڵێت: "لە دەستوور و یاسادا ھیچ رێگرییەك نییە، ئەوە تەنیا دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەغدا خۆی بڕیاری داوە، پێشتر كورد زیاتر رۆڵی ھەبوو لەو ناوچانە و حكوومەتی عێراق نەیدەتوانی رێگری لە كاری رێكخراوەكان بكات".
لە ھەرێمی كوردستاندا سەدان رێكخراو ھەن دەتوانن پڕۆژە لە ناوچە تازەئازادكراوەكانی وەك دەشتی نەینەوا و كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان جێبەجێ بكەن، بە تایبەتی بە ھەمانگی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان. ھۆگر چەتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بڕیاری رێگریكردن لە رێكخراوەكان، تەواو پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێویستە رێكخراوەكان ئازاد بن لە كوێ كار و پڕۆژەیان دەبێت".
قائید میرۆ




