وەزارەتی شارەوانی: ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دروست دەكرێنەوە

هەولێر-KDP.info- تەنیا یەك جار ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە ھەرێمی كوردستان كراوە و، لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوویشدا ئەنجوومەن زۆربەی ئەركە خزمەتگوزارییەكان بەڕێوە دەبات و گرینگیی خۆی ھەیە. بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكرێت لە ھەر شوێنێك ئەنجوومەنی شارەوانیی ھەبێت، ئەنجوومەنێكی نوێ پێك بهێنرێت.
ماوەیەكی زۆرە ھەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە ھەرێمی كوردستان نەكراوە و ئێستا كار بۆ دامەزراندن و نوێكردنەوەی ئەو ئەنجوومەنانە دەكرێت، بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانییش شێوازی دانانی ئەنجوومەنەكان ئاشكرا دەكات.
لەو بارەیەوە، عەبدولحەمید مەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ھەرێمی كوردستان ماوەی دە ساڵە ھەڵبژاردنیان بۆ نەكراوە و بەسەر چوون، بە ھۆی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ھەرێمی كوردستان نەكراوە و ھەر ئەنجوومەنی پێشوو نوێ كراونەتەوە، لەبەر ئەوەش، مادام ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەیە، پێویست ناكات ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بكرێت."
بەرپرسەكەی وەزارەتی شارەوانی ڕوونی كردەوە: "بڕیارە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە ھەر یەكەیەكی ئیداری دابمەزرێن، نەك بە ھەڵبژاردن، بەڵام شێوازی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە و وەك پێشتر نابێت."
مەجید، وردەكاریی زیاتری لەبارەی دانانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ئاشكرا كرد و دەڵێت: "لە ھەر شوێنێك شارەوانی ھەبێت، ئەوە دەستەیەك دیاری دەكرێت بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی ئەنجوومەنی شارەوانی و ٤٠%ی بەرپرسی فەرمانگەكانی حكوومەت دەبنە ئەندام و ٦٠%ی دیكەیش بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەیش ھەیكەلی نوێی ئەنجوومەنی شارەوانی پێك دێت و كارەكان بەڕێوە دەبات."
قائید میرۆ




