8 شوانكارەكە و مەڕوماڵاتەكانیان ئازاد كران

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ڕایگەیاند، بە هەوڵ و ماندووبوونی حكوومەتی هەرێم، ئەو 8 كەسە و مەڕوماڵاتەكانیان ئازاد كران كە لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە لە دوێنێوە دەستبەسەر كرابوون.
ئیحسان چەلەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "لە كوێستانەكانی كێلەشین لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە نزیكەی هەزار سەر مەڕوماڵاتی كۆچەران بردرابوو، دوای بردنی مەڕوماڵاتەكان، سێ شوان و چەند ئافرەتێكیش دەستگیر كران، كە ژمارەیان 8 كەس بوو".
چەلەبی گوتیشی: "ئەوە یەكەم جار نییە و حاڵەتی لەو شێوەیە ساڵی رابردوویش هەبوو، دوای ئاگاداركردنەوەی سەرووی خۆمان و پاسەوانی سنوور، پێش ماوەیەك ئاگادار كراینەوە كە ئەو 8 كەسە و مەڕوماڵاتەكانیشیان ئازاد كراون".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاماژەیشی دا: "ئەگەر گوشاری حكوومەتی هەرێم نەبووایە، ڕەنگە ئەوانە ئازاد نەكرابانایە، وەك ساڵی رابردوو كە 43 سەر مانگا بردران و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، لە هەمان كاتیشدا ئامۆژگاریی ڕەوەند و كۆچەران دەكەین كە لە پایەگاكانی پاسدارانی ئێران نزیك نەبنەوە، بۆ ئەوەی تووشی زیانی گیانی و ماددی نەبن".
شارەدێی سیدەكان، سەر بە شارۆچكەی سۆرانە و لە 250 گوند پێك دێت، بەڵام بەو پێیەی كە ناوچەیەكی سنوورییە و پەكەكەی لێیە، توركیا و ئێران بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردوومان دەكەن، كە بەو هۆیەیشەوە 115 گوند چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە.
ڕابین شێروانی




