پارتی، لە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان لە سلێمانی چاودێرەكانی كشاندەوە
سلێمانی-KDP.info- ئەو دەستەیەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە بە دەست لە ئێستادا هەژماری دەنگەكانی بەشێك لە سندووقەكانی دەنگدان دەكات، لە پارێزگای سلێمانی ڕێگری لە چاودێری حیزبەكان دەكەن و زانیارییان نادەنێ. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتییش لە سلێمانی دەڵێ، كارمەندانی كۆمیسیۆن لە ئەركەكانی خۆیان لایانداوە و شەفاف نین.
ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەگازی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی یەكەمی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەستی لە سلێمانی، ئەو لیژنەی كە كۆمیسیۆن ناردوویەتی بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەستی، ئەركی خۆیان ئەنجام نەداوە كە شەفافییەت و پێدانی زانیارییە بە چاودێری قەوارەكان، بۆیە ئێمەیش وەك پارتی چاودێرەكانمان كشاندەوە".
نوێنەرانی حیزبەكان لە سلێمانی ڕایانگەیاند، كۆمیسیۆن ڕێگە نادات چاودێریی چۆنیەتیی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بكەن و زانیارییان لەسەر ژمارەی باڕكۆدی سەر كاغەزەكان و ژمارەی قفڵی سەر سندووقەكانیان پێ نادەن، لەو بارەیەوە، گۆران دەشڵێ: "تیمەكەی كۆمیسیۆن كە ئێستا دەنگەكانی سلێمانی هەژمار دەكەنەوە، زانیاریی ژمارەی سەر سندووقەكان و باڕكۆدی سەر وەرەقەكانیان نەداوە بە چاودێری قەوارەكان، بۆیە سكاڵامان لەو بارەیەیشەوە تۆمار كردووە، بەڵام ئەمڕۆ كە دووەم ڕۆژی هەژماركردنەوەی دەنگەكانە، ئێمە دوو چاودێرمان ناردووەتەوە هۆڵی هەژماركردنەوەی دەنگەكان، ناشكرێت 45 هەزار دەنگمان دیار نەبێت و لەم هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانیشدا چاودێرمان نەبێت".
ئەو هەروەها دەڵێ: "ئەمڕۆ چاودێرەكانمان چوونەتە هۆڵی ئاشتی كە دەنگەكانی تێدا هەژمار دەكرێنەوە، بەڵام ڕێگەیان نەداوە مۆبایل بەرنە ژوورەوە تاوەكوو بتوانین زانیاری وەربگرین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمیسیۆن نایەوێت قەوارەكان ئاگایان لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانیان بێت و، زانیارییان دەست نەكەوێت".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دەڵێ: "لە زیاتر لە 3 هەزار سندووقی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تەنیا 188 سندووقی دەنگدان بە دەست دەژمێردرێنەوە، بۆیە ئێمە وەك پارتی زیاتر لە 50 سكاڵامان تۆمار كردووە".
هێڤیار هەڵەبجەیی




