٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە كۆی ١٤گوندی كاكەیی، ١١ـیان چۆڵ كراون و ١٠ كەسیشیان رفێندراون

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  سەرۆكی رێكخراوی  "میسرا" بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیری یارسان گوتی، ھەڕەشەكردن لەلایەن داعشەوە بۆ سەر گوندەكانی كاكەییەكان بەردەوامە و، حكوومەتی عێراقیش ئامادە نییە پارێزگارییان لێ بكات، بۆیە لە كۆی ١٤گوند، تەنیا سێ گوندیان ماون و ئەوانەی دیكە ھەمووی چۆڵ كراون. دەشڵێ: "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانمان لەو ھەڕەشانە ئاگادار كردووەتەوە".

رەجەب كاكەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڕەشەكردن بۆ سەر گوندەكانی كاكەییەكان لەلایەن داعشەوە بەردەوامیی ھەیە و، ھێزە عێراقییەكانیش ئەوان ناپارێزن و دوای ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵە‌تی و یوئێنمان ئاگادار كردەوە، ئەو كات بەغدا فەوجێكی بۆ ئەو ناوچانە رەوانە كرد، بەڵام ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن و چەك و تەقەمەنیی پێویستیشیان لە بەردەستدا نییە، بۆیە بەردەوام كاكەییەكان ماڵوحاڵی خۆیان جێ دەهێڵن و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان دەبن، سەرەڕای ئەوەش ئیدارەی پارێزگای كەركووك رێگری لەو خەڵكە دەكات و رێگە نادات كەلوپەلی خۆیان بگوازنەوە و بازگەیان بۆ دادەنێتەوە".

كاكەیی گوتیشی: "ئێمە ھەموو لایەكمان لەو ھەڕەشانەی سەر كاكەییەكان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام سوودی نییە و ئەو خەڵكەش لە ترسی پاراستنی گیانی خۆیان و ماڵەكانیان، گوندەكان چۆڵ دەكەن و ئاوارە دەبن".

لە سنووری كەركووك كاكەییەكان ١٤گوندیان ھەیە، تا ئێستا ١١ـیان بە تەواوی چۆڵ كراون و خەڵكەكەی ئاوارەی ناوچەكانی قەرەھەنجیر و ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان بوون، ئەو گوندانەی ماویشن بەردەوام چۆڵ دەكرێن و بەشێكی زۆری ئەوانەش چۆڵ كراون؛ وەک خۆیشیان دەڵێن، بە بێ ئەوەی ھیچ ھێزێك ئەوان بپارێزێت، ئامادە نین لەو گوندانەدا بمێننەوە.

سەرۆكی رێكخراوی  "میسرا" بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیریی یارسان، زانیارییشی دا، لە ماوەی رابردوودا نزیكەی ١٠ هاووڵاتیی كاكەیی لەلایەن داعشەوە رفێندراون، بۆیە بە ھەموو شێوەیەك كاكەییەكان دەكرێنە ئامانج.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار