٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

215 بنكەی دەنگدان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە ڕووی هاووڵاتیاندا كرانەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسێكی كۆمسیۆن دەڵێ، 215 بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كرانەوە و، لە ئەمڕۆوە هاووڵاتیان دەتوانن بۆ ماوەی مانگێك سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەیش دەبێت فۆڕمی خۆراك و یەكێك لە بەڵگەنامەكانی دیكە لەگەڵ خۆیان ببەن.

رۆژی 8ی مانگی 5، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30ی ئەیلوولی بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد و، كۆمسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەمڕۆ ناوەندەكانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كرانەوە، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ ماوەی یەك مانگ سەردانی بنكەكان بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانی خۆیان، یان گواستنەوەی ناوەكانیان".

حەسەن گوتیشی: "ژمارەی ئەو بنكانەی كە كراونەتەوە، 215 بنكەن، لەو رێژەیە 84 بنكە لە سلێمانی، 76 لە هەولێر، 47 بنكە لە دهۆك و 8 بنكەیش لە سنووری هەڵەبجە، كە لە ڕێگای پارێزگاكانیشەوە فەرمانبەرانی ئەو بنكانە دانراون".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دەشڵێ: "داوا لە هاووڵاتیان دەكەین سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان، چونكە ئەو تۆمارە جیاوازە لەو تۆمارەی كە پێشتر هەبوو، ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانكاری لە ناوەكاندا كرابێت، یان پێویست بكات ناو زیاد بكرێت، یان لاببرێت، بۆ ئەوەیش پێویستە هاووڵاتیان فۆڕمی خۆراك، لەگەڵ یەكێك لەوانە، كارتی نیشتمانی، ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عێراقی و پاسپۆرت، لەگەڵ خۆیان ببەن، كەواتە دەبێت لە هەموو حاڵەتەكاندا فۆڕمی خۆراكی لەگەڵ بێت".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار