لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٩٠ کەس لەسەر چەکی بێمۆڵەت دەستگیر کراون"
__2018_07_09_h16m36s14__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ھەولێر بەردەوامن لەسەر ھەڵمەتی ڕاماڵینی چەکی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێڵی بێتابلۆ. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، تەنیا ھێزەکانی پۆلیس توانیویانە دەیان کەس دەستگیر بکەن و دەستیش بەسەر چەکێکی زۆردا گیراوە.
دوای زیادبوونی دیاردەی چەکداری و ئەنجامدانی چەند تاوانێکی کوشتن، ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان ھۆشدارییان بە تۆمەتباران دا، ئیدی ھێزە ئەمنییەکان دەستکراوەن بۆ ھەر لێپرسینەوەیەک و، ماوەی چەند ڕۆژێکە دەست بە ھەڵمەنی ڕاماڵینی چەکی بێمۆڵەت کراوە. لەوبارەیەوە، لیوا عەبدولخاق تەلعەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی دەستپێکردنی ھەڵمەتی نەھێشتنی دیاردەی چەک و ئۆتۆمبێڵی بێمۆڵەت لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ھەولێرەوە خەڵکێکی زۆر دەستگیر کراون و بە پێی دواین ئامار تەنیا لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە ٩٠ کەس بە تۆمەتی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دەستگیر کراون، ئەوە جگە لەوانەی لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی دیکە و ئاسایشەوە دەستگیر کراون.
وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ڕوونی کردەوە: "ھێزە ئەمنییەکان تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەڵێت: "ھێزەکانی ئێمە بەردەوام دەبن لەسەر ھەڵمەتی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێڵی بێتابلۆ تا کاتێکی نادیار، لەو چەند ڕۆژەی دەستمان پێ کردووە دەستمان بەسەر ژمارەیەکی بەرچاو چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، بەڵام چەکەکان زۆربەیان چەکی سووکن، وەک دەمانچە و کلاشینکۆف و چەکی قورسیان تێدا نییە، بێگومان سەرپێچیکاران بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ڕەوانەی دادگا دەکرێن."
زۆربوونی ڕێژەی چەکی بێمۆڵەت لای ھاووڵاتییانی سڤیل کاریگەریی ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژە تاوان و لەبارەی کاریگەریی ھەڵمەتی دەزگە پەیوەندیدارەکانەوە، لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەکان کاریگەریی خۆی ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری و ئەو ڕووداوانەی پێشتر ھەبوون، ڕێژەی تاوانیش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەراورد بە پێشتر زۆر کەمی کردووە."
قائید میرۆ




