٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمەریکا بڕیاری داوە ڕاستەوخۆ ھاوکاری بگەیەنێتە پێکھاتەکان"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاشکرای کرد، ئەمەریکا بڕیاری داوە ڕاستەوخۆ ھاوکاری بگەیەنێتە پێکھاتەکانی عێراق و دەشڵێ، گەیاندنی ھاوکاریی ڕاستەوخۆ ھەنگاوێکی گرینگە بۆ گرنگیدان بە پێکھاتەکان.

 

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە پێکھاتەکان دەکرێت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاری دا ڕاستەوخۆ ھاوکاری بگەیەنێتە پێکھاتەکانی عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوە لە کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر ئەنجام دراون لەبارەی شێوازی گەیاندنی ھاوکاریی ئەمەریکا بۆ پێکھاتەکانی عێراق، ئەوەش بڕیارێکی گرنگە بۆ زیاتر ھاوکاریکردنی گشت پێکھاتەکان."

 

خەیری بوزانی، بەڕێوەبەری کاروباری کوردانی ئێزدی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی ئەمەریکای پشتڕاست کردەوە و دەڵێت: "شاندی ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی کردین و چەند زانیارییەکان لەبارەی کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە لێ وەرگرتووین بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ھاوکاری بکرێن، بەتایبەتی زانیاری لەبارەی ڕەوشی شنگال و ئەوانەی ئێستا لەوێ نیشتەجێن."

 

پێکھاتەکانی عێراق بە ھۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پشتگوێ خراون و لە لایەن گرووپە توندڕۆ مەزھەبگەراکانەوە دەکرێنە ئامانج و بەشێک لە پێکھاتەکان ھەوڵی بەجێھێشتنی عێراق دەدەن.

 

مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گۆڕانکاری لە شێوازی ھاوکاریکردنی پێکھاتەکان، ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە ئێستا پێکھاتەکان بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراقدان، مافەکانیان پێشێل دەکرێت و لە لایەن حکوومەتی عێراقیشەوە وەک پێویست ھاوکاری ناکرێن."

 

بەڕێوەبەری کوردانی ئێزدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاوکاریی ئەمەریکا کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر ئێمە، چونکە  عێراق ھاوکاریمان ناکات و ھاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش سنوردارن، کە بەشی ھیچ ناکەن، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا ھاوکاریی ڕاستەوخۆ بکات ئەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی پێکھاتەکان بەو شێوەیە چاویان لە ھاوکاریی لایەنەکانی دیکە نەبێت."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار