٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھێزەکانی عێراق دەیانەوێ کورد کەرکووک چۆڵ بکات"

سەرچاوە: KDP.info

 

کەرکووک -KDP.info- ماوەیەکە زانیاری جۆراوجۆر لەبارەی تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک بڵاو دەکرێتەوە و بەرپرسی لقی پارتیش لە کەرکووک پێی وایە، بەشێکی ئەو پڕۆپاگاندانە پیلانە تا کورد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و کەرکووک بەجێ بێڵن.

 

ھەرکە پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە کەرکووک کشانەوە شارەکە ڕەوشێکی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی و تا دێت بە ھۆی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنییەوە ھاووڵاتییانی کەرکووک لە نائارامیدا دەژین. لەو بارەیەوە، دکتۆر محەمەد خورشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە ڕەوشی کەرکووک نائارامە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لایەنی کەم سێ چالاکی ئەنجام دەدرێت، وەک دانانی بۆمبی چێندراو و تەقەکردن لە ھاووڵاتییان. بەداخەوە ھێزەکانی عێراق دەستەوەستانن لە بەرامبەر ئەو چالاکییە تیرۆریستیانە، لەگەل ئەوەشدا دەنگۆیەکی زۆر لە نێو شاری کەرکووکدا لەبارەی ڕەوشی شارەکەوە بڵاو دەکرێتەوە."

 

چەند ڕۆژێکە دەنگوی ھێرشکردنە سەر کەرکووک لە لایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە ھەیە و حکوومەتی عێراقیش بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، حەفتەی ڕابردوو لیوایەکی پۆلیسی فیدڕاڵیی ڕەوانەی شارەکە کرد، بەڵام دکتۆر محەمەد خورشید پێی وایە: "مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ھەندێ پڕۆپاگاندە لە کەرکووک ئەوەیە کە ناوچە کوردنشینەکان چۆڵ بکرێن، بەڵگەش ئەوەیە کە لەبری ئەوەی پۆلیس و ھێزەکانی عێراق بچن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە و لە باشووری کەرکووک شەڕی داعش بکەن، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ھێزەکانی عێراق لە ناوچەی شوان کە ناوچەیەکی کوردنشین و ئارامە بەرەو پردێ خەریکی ئۆپەڕاسیۆنن."

 

ھێزەکانی عێراق، سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، خۆیان تۆمەتبارن بە ھەڵکۆتانە سەر ماڵی ھاووڵاتییان و کوشتن و ڕفاندنی خەڵکی کەرکووک، بەوەش نەوەستاون دوو ڕۆژە ھێزەکانی عێراق بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش ھەڵدەکۆتنە سەر گوندی کورد. بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ھێزەکانی عێراق لە سنووری ناحیەی شوان و پردێ کە ناوچەی ئارامی کوردنشینن بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنەوە ھەڵیانکۆتاوەتە سەر ژمارەیەک گوندی کورد، لەوانەش گوندەکانی کەلھوڕ و سەقزلی و سمایل بەگی، ئەمە ھەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووی عێراقە بۆ ئەوەی کورد ناوچەکانیان بەجێ بێڵن و فشار دێنن بۆ سەر کورد، تا کورد شاری کەرکووک چۆڵ بکات."

 

دکتۆر محەمەد خورشید ڕوونی کردەوە: "ڕاستە ڕەوشی کەرکووک نائارامە، بەڵام کێ بەرپرسە لەوەی کەرکووک نائارامە، پێم وایە ئەو ھێزانەی لە کەرکووکن خۆیان بەشێکن لەو نائارامییە و دەیانەوێ بە دروستکردنی وەھم و بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگاندەی بێبنەما کورد بتوقێنن تا لە دڵەڕاوکێدا بژین و ناچار بکرێن کەرکووک بۆ ئەوان بەجێ بێڵن، ئەگەرنا داعش دیارە لە سنووری باشووری کەرکووک، لە داقووقەوە تا دەگاتە حەویجە زۆر بە ئاشکرا چالاکی دەکات، کەچی ھێزەکانی عێراق بەرەنگاریان نابنەوە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار