٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

26هەزار خێزانی كورد لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران دەڵێ، زیاتر لە 26 هەزار خێزانی كورد كە ئاوارەی ئێران ببوون، گەڕاونەتەوە، تا ئێستاش گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە و تەنیا لەو 6 مانگەدا 20 خێزان گەڕاونەتەوە.

 

لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی ڕژێمی بەعسەوە، خەڵكی كوردستان ئاوارەی ئێران و توركیا بوون. لە ساڵی 1991ـەوە و دوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و ئازادبوونی هەرێم، بەردەوام خەڵكی كوردستان كە ئاوارەی توركیا و ئێران ببوون، دەگەڕێنەوە. لەو ماوەیەشدا تەنیا لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە زیاتر لە 26 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە.

 

عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گەڕانەوەی كوردستانیان لە وڵاتانی دراوسێوە بەردەوامە، لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 26 هەزار خێزانی كورد كە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ئاوارەی ئێران ببوون، لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و، تەنیا لە 6 مانگی ڕابردوودا 20 خێزان گەڕاونەتەوە، لە چەند مانگی داهاتووشدا چەند خێزانێكی دیكە دەگەڕێنەوە".

 

ئەمیر گوتیشی: "ئەوانەی كە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، چاوەڕوانی نەمانی قەیرانی دارایی و باشتربوونی ڕەوشی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەگەرنا ئەوانیش پێیان خۆشە بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت بتوانێت هاوكاریی ئەوان بكات و پارچەزەوی و كەرەستەیان بەسەردا دابەش بكات، تا لە شوێنەكانی خۆیان نیشتەجێ ببن".

 

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێش هاتنی داعش و قەیرانی دارایی، لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە 877 خێزان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەوە كە هەر چوار شارۆچكەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز لەخۆ دەگرێت، بە چەكی 20 ملیۆن دیناری قەرەبوو كرابوونەوە".

 

ڕابین شێروانی


 

هەواڵی پەیوەندیدار