٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد گەییشتووەتە سەرگەڕان

سەرچاوە: KDP.info

 

سەرگەڕان -KDP.info- دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ژمارەیەك عەرەبی شۆڤێنی بە نیەتی داگیركردنی زەویی كوردان لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە ھاوردەی شارەدێی سەرگەڕانی سنووری شارۆچكەی دوبز كراون و، بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیەیش لیژنەیەك پێك ھاتووە.

سەرگەڕان زۆرینەی كوردە و بەشێكی كەمیش عەرەبە، بەڵام لە دوای شۆڕشی ئەیلوولەوە پڕۆسەی بەعەرەبكردن ناوچەكەی گرتووەتەوە و تا پڕۆسەی ئازادیی عێراق عەرەبە تەعریبچییەكان لەسەر زەویی كورد بوون، بەڵام دواتر كورد گەڕایەوە شوێنی خۆی و ئێستا دیسان بە ھۆی نەمانی دەستەڵاتی كوردەوە، عەرەبە شۆڤێنییەكان گەڕاونەتەوە و دەیانەوێ كورد لەسەر گوندەكانیان دەربكەن.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەیەك لە بەغداوە گەییشتووەتە دەڤەری سەرگەڕان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی نێوان و كورد و عەرەبە ھاوردەكان، ئێمە لەگەڵ لیژنەكە كۆ بووینەتەوە و پێیان راگەیاندووین ئەوان بە عەدالەت كاردەكەن و بەڵێنی ئەوەیان داوە بە ھیچ شێوەیەك ستەم لە ھیچ پێكھاتەیەكی دەڤەرەكە ناكەن، بڕیارە لیژنەكە لەگەڵ موختار و نوێنەری كورد و عەرەبە رەسەنەكانی سەرگەڕان و بە تایبەتیش گوندی پەڵكانە، كۆ ببنەوە".

لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتڕاستی كردەوە: "عەرەبی ھاوردە ھەر لە شوێنی خۆیانن و بەردەوام زۆر بۆ ھاووڵاتیانی كوردی رەسەنی ناوچەكە دێنن تا گوندەكانیان چۆڵ بكەن، بەڵام كورد خۆی راگرتووە و غەدرێكی گەورەیە لە گوندنشینانی كورد دەكرێت".

ئەو گوندانەی عەرەب دەیەوێ داگیریان بكات و موڵكی كوردن، ژمارەیان نزیكەی حەڤدە گوندن و ھەموویشیان موڵكی كوردانن، لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە كورد وەگیراونەتەوە و ژمارەیەك عەرەبی شۆڤێنیی داردەستی رژێمی بەعس تێیدا نیشتەجێ كراون. كرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھێشتا ئەو خێزانە عەرەبە شۆڤێنییانەی كە دەیانەوێ زەویی كورد داگیر بكەن، لە شوێنی خۆیان ماون و رژدن لەسەر داگیركاری، بێگومان كوردیش بە ھیچ شێوەیەك پێی قبووڵ نییە خەڵكی غەدریان لێ بكات، كێشە لەوەدایە ناوچەكە لە ژێر دەستەڵاتی بەغدایە و لەوانەیشە لە زۆر شوێن حكوومەت پشتگیریی ئەو عەرەبە ھاوردانە بكات كە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر ھاتوونەتە شارەدێی سەرگەڕان".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار