٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەكر زێباری: ھێزە عێراقییەكان پشتیان لە داعش كرد، بۆیە سەریان ھەڵدایەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

رۆژئاوای دیجلە-KDP.info- بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلە گوتی، داعش لە ھەموو ناوچەكان سەری ھەڵداوەتەوە، ئەمەیش بە ھۆی ئەوەی ھێزە عێراقییەكان ھەموو ھێزی خۆیان دژی پێشمەرگە بەكار ھێنا و پشتیان لە داعش كرد، بۆیە بۆشاییەكی ئەمنی دروست بوو، ئێستایش بەردەوام ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە.

دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر ئەو ناوچانە و بەردەوام كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.

بابەكر زێباری، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان ھەموو ھێزێكی خۆیان بۆ پێشمەرگە بەكار ھێنا لە ماوەی رابردوودا و پشتیان لە داعش كرد و بۆشاییەكی ئەمنی دروست بوو، بۆیە جارێكی دیكە داعش سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی جیددی، ئێستایش ھێزە عێراقییەكان بەردوام ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە".

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلە گوتیشی، داعش بە شێوەیەكی بەرچاو لە مووسڵ، كەركووك، سەڵاحەددین، دیالە، ئەنبار و بەغدا زیادی كردووە و تەنانەت مەرجەعی نەجەف ھۆشداریی داوە كە داعش مەترسییە بۆ سەر ئەوانیش، چونكە ژمارەیان زۆر زیادی كردووە.

زێباری باسی لەوەش كرد، پێشمەرگە پێشتر بە درێژایی زیاتر لە ھەزار كیلۆمەتر سنوورەكانی دەپاراست و ھێزە عێراقییەكانیش بە ھەموو هێزێكیانەوە شەڕیان دەكرد تا رێگری لە داعش بكەن، ئێستاش پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە و ئەوانیش ھێزی خۆیان لە دژی پێشمەرگە بەكار دەھێنن و پشتیان لە داعش كردووە، بۆیە سەریان ھەڵداوەتەوە.

دەشڵێ، راستە بەشێك لە ھێزە عێراقییەكان كشاونەتەوە و لە شنگالیش فەوجێكیان كشاوەتەوە و بەنیازن ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام بدەن، بەڵام توانایان وەك پێویست نییە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار