پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو مەبەست بانگھێشتی كۆمسیۆنی كردووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو مەبەست بانگھێشتی كۆمسیۆنی كردووە، گرینگترینیان بۆ ئەوەی دڵنیا بن كە ئامادەكارییەكان بێ كێشە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچن و ھیچ بەربەستێك نییە.
بڕیارە سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستانیشی بانگھێشت كردووە بۆ قسەكردن لەبارەی ھەڵبژاردنەكانەوە، بە تایبەت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە ٣٠ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت.
شیروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر داواكاریی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشداری دەكەین، ئەویش بۆ دوو مەبەستە، یەكەم بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە بدەین لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو رێكارانەی كۆمسیۆن گرتوونیەتە بەر و دڵنیایی بدەینە پەرلەمان، مەبەستی دووەم ھەنگاوەكانی كۆمسیۆن لەبارەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە كە شەش مانگە پێیەوە سەرقاڵین".
زرار گوتیشی، ئامادەكارییەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و تاوەكو ئێستا ھیچ بەربەستێكیان بۆ دروست نەبووە.
بڵند ئیبراھیم




