٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە کەرکووک دادوەرەکان مۆڵەتیان وەرگرتووە و کاروباری یاساییی هاووڵاتییان وەستاوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

کەرکووک-KDP.info-  هەموو لێکۆڵەرە دادییەکان لە کارەکانیان وەستێندراون و دادوەرەکانیش بەدەر لە یاسا مۆڵەتیان وەرگرتووە، پارێزەرێکیش لە شارەکە دەڵی، ئێستا لەو شارە یەک دادوەر هەیە و کاروباری یاساییی هاووڵاتییان پەکی کەوتووە.

 

ئەسعەد عەلی، پارێزەر و دانیشتووی شاری کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی هەژمارکردنەوەی بەشێک لە سندووقەکانی دەنگدانی کەرکووک، هەموو لێکۆڵەرە دادییەکان لە کارەکانیان وەستێندراون و سەرقاڵی جیاکردنەوەی دەنگەکانن بە دەست، زۆربەی زۆری دادوەرەکانیش بە بێ بەدیل و ڕەچاوی یاسا مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئەوەی بەدیلیشی هەبووە، بەدیلەکەی بەدەر لە یاسا مۆڵەتی دراوەتێ، ئێستا ئەو شارە لە کێشەی یاساییدایە و کاروبارە یاساییەکانی هاووڵاتییان لەو شارە بەڕێوە ناچن".

 

دوای ئەوەی ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق بڕیاری هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی شەش پارێزگای عێراقی دا، کەرکووک وەک یەکەم پارێزگا بوو، کە ئەو پرۆسەیەی تێدا ئەنجام درا و دادوەر و لێکۆڵەرە دادییەکان لە جێی ئەندامانی کۆمسیۆنی پارێزگاکە، ڕاسپێردران بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام وەک ئەو پارێزەرە باسی دەکات، بە هۆی بێسەروبەری لە پارێزگاکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەدەر لە ڕێنماییە یاساییەکان مۆڵەت دراوە بە دادوەر و بەدیلەکانیشیان، کە ئەوەش بووەتە هۆی ڕایینەکردنی کارە یاساییەکانی هاووڵاتییان لەو پارێزگایە."

 

ئەو پارێزەرە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "ئێستا یەک دادوەر لە کەرکووک هەیە و ١٢ مەرکەزی لەسەرە، کە بە تەنیا ناتوانێت کاروباری تێکڕای مەرکەزەکانی پارێزگاکە بەڕێوە ببات، گەر بڕیاریشە تەنیا بۆ هەژماری دەستی دەنگەکانی ئەو شارە بێت، بۆ چەند ڕۆژێکە و ناکرێت مۆڵەتی بێبەدیل بدرێتە دادوەر."

 

ئەو بە سەرسوڕمانیشەوە باس لە شێوازی وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەن دادوەرەکانەوە دەکات، کە بە پێی یاسا هەر دادوەرێک مۆڵەت وەردەگرێت، دەبێت دادوەرێکی دیکە وەک بەدیل لە جێیدا دابندرێت، بەڵام ئێستا دادوەرە بەدیلەکانیش مۆڵەت دراون، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، ئەو ئاماژەی بۆ سکاڵایەکی یاساییی هاوڕێیەکی کرد، کە ١٠ ڕۆژ دەبێت، تا ئێستا دادوەر نەیبینیوە، ئەویش بە هۆی ئەو بۆشاییە یاساییەی لەو شارە سەری هەڵداوە.

 

ناوبراو گوتیشی: "ئێستا لەو شارە هێندە بێسەروبەری یاسایی هەیە، گەر تێکڕای فەرمانبەر و دادوەر و لێکۆڵەری دادوەر و یاریدەدەری دادوەرەکان داوای مۆڵەت بکەن، هەموویان وەریدەگرن. نموونەش بە دادوەر عەلی ئەکرەم، دادوەری مەرکەزی ڕەحیماوا دەهێنێتەوە بۆ یەک مانگ مۆڵەتی وەرگرتووە و، کارەکانی دەڕواتە مەرکەزی قۆرییە و لەگەڵ ئەو مەرکەزە ڕەبت دەکرێت، لای دادوەر ئەیاد، ئەویش دیسانەوە بەبێ بەدیل مۆڵەتی پێ دراوە، پاشان کارەکانی ئەو دوو مەرکەزەش دەڕۆنە لای مەرکەزی عەدالە، بە هەمان شێوە ئەویش مۆڵەتە و بەدیلی نییە."

 

ئەوەیشی ئاشکرا کرد: "لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ یەک لە دادوەرەکان ڕێز لە پارێزەرەکان ناگرن و پۆلیس بە پاڵ پارێزەرەکان دەردەکەنە دەرەوەی دادگا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئاسایش لەو شارە نەماوە و پۆلیسیش هەقی بەسەر هیچەوە نییە، جەیشیش هیچ حیساب بۆ پۆلیس ناکات، حەشدی شەعبیش دەست وەردەداتە ناو کاروباری حکوومییەوە، بۆ نموونە، چەند نەقلیات لە کەرکووک هەن، دایانخستوون و داوای نسبەیان لێ کردوون، لە کاتێکدا ئەوە کاری بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەتە، نەک حەشد."

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار