مەحموود عوسمان: پێویستە كورد لەم دۆخە خراپەی عێراقدا یەكەم ھەنگاو یەكگرتوو بێت

ھەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی باوەڕیان وایە، ھاتنی شاندە عێراقییەكان بۆ ھەولێر، بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش دروستكردنی ھاوپەیمانەتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ كورددا، بۆیە پێویستە كوردیش بە مەرجی بوونی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، بەشداری لە حكوومەتدا بكات و، بەشداریكردنەكەیش تەنیا شكڵی نەبێت.
ھێشتا ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست بەردەوامە و لایەنەكان دەستیان بە جموجۆڵ كردووە بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، شاندێكی ھاوبەشی لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسایش، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقەوە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە.
سیاسەتمەداری كورد، د. مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت و تەنیا ٣ تا ٤%ی بە دەست دەژمێردرێنەوە، لە عێراقیش ئەو ھێزانە سەركەوتوو بوونە كە ھێزیان ھەیە و میلیشیانە، بۆیە ئەستەمە گۆڕانكاری بكرێت، بێگومان دۆخەكەیش بەرەو خراپترە و باشتر نییە، چونكە پێشبینیی شتی باش لە عێراق ناكرێت، ئەمەش وادەكات ئەنجامەكان و پێكھێنانی حكوومەتیش دوا بكەوێت".
عوسمان گوتیشی: "پێویستە كورد لەم دۆخە خراپەی عێراقدا یەكەم ھەنگاو كە بنێت، یەكگرتوویی بێت و بیر لە بەرژەوەندیی خۆی بكاتەوە و زیاتریش لەو كوتلانە نزیك ببنەوە كە لەگەڵ داواكاریی كوردن، هەروەها داوای جێبەجێكردنی دەستوور و شەراكەت و تەوازن بكات لە عێراقدا، چونكە ئەمانە بنەمای سەرەكین بۆ داواكاریی كورد و ئەگەر ئەمە بكرێت، داواكارییەكانی كورد ھەموویان جێبەجێ دەكرێن".
ئەو سیاسەتمەدارە، لەبارەی رۆڵی وڵاتان لە دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراقدا، گوتی: "پێویستە كورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بە جۆرێك ھەوڵ بدات كە حیسابی زیاتر بۆ كورد بكەن و، كوردیش رۆڵی سەرەكیی لە دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراقدا ھەبێت".
لە لایەكی دیكەوە و سەبارەت بە ھاتنی شاندە عێراقییەكان بۆ ھەرێمی كوردستان، د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی ئەو شاندانە بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ دوو مەبەستە، یەكەم بۆ مەبەستی دروستكردنی ھاوپەیمانەتییە و دووەمیش نامەیەكە بۆ لایەنەكان كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ئاسایی بكەنەوە، بە تایبەت لیستی دەوڵەتی یاسا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ كورددا ئاسایی بكاتەوە".
خەسرۆ باسی لەوەش كرد: "شیعەكان ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی دەستەڵات لە دەست خۆیاندا بمێنێتەوە، بۆیە ھەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ڕازیكردنی كورد و سوننە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداری لە حكوومەتی نوێدا بكەن، چونكە بە بێ ئەوان، حكوومەت دروست نابێت، بۆیە پێویستە كورد بە جۆرێك بەشدار بێت كە شەراكەت و تەوازن و تەوافوق ھەبێت، نەك جارێكی دیكە لە پەرلەمان یاساكان بە زۆرینە تێپەڕێندرێن و بەشداریكردنەكەیش شكڵی بێت".
بڵند ئیبراھیم




